zagros news agency

یەکەم کاروانی هێزە ئەمنییەکانی دیمەشق گەیشتە ناو شاری حەسەکە

 

دیمەنی چوونە ناوەوەی یەکەم گرووپی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بۆ ناو شاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان نیشان دەدەن. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنانەدایە کە پێشتر لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو.

فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو کارمەندانەی گەیشتوونەتە حەسەکە لە نێوان 100 بۆ 125 کەسدایە و بە نزیکەی 15 ئۆتۆمبێلی سەربازی هاتوونەتە ناو شارەکە. شامی ئاماژەی بەوەش کرد کە هەموو ئەو ئەندامانەی نێردراون خەڵکی پارێزگای “دەرعا”ن و بڕیارە سبەی سێشەممە کاروانێکی هاوشێوە بەرەو شاری قامیشلۆ بەڕێ بکەوێت.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم هێزە نوێیە لە 3 بۆ 4 شوێنی جیاواز لە ناوەندی شاری حەسەکەدا جێگیر دەبن و لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ “ئاسایش”ـەوە هاوکاری و چاودێری دەکرێن. فەرهاد شامی جەختی لەوە کردەوە کە بوونی ئەم هێزانە تەنها بۆ مەبەستێکی “کاتی”یە و ئەرکیان تەنها چاودێریکردنی ڕێکارەکانی “یەکگرتنەوە” (الاندماج)ـە، و هەر کە ئەرکەکانیان کۆتایی هات ناوچەکە جێدەهێڵن.

ئەم پێشهاتە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەدایە کە لە نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریادا واژۆ کراوە، کە ئامانجی ڕێکخستنی میکانیزمی هەماهەنگی و جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی هێزەکانە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە سیاسی و سەربازییەکانی نێوان هەردوولا.

هەواڵی پەیوەندیدار

شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە کۆبوونەوەدان

سەڵاح

به‌رپرسی لقی 12ی پارتی: چارەنووسی هەڵەبجە نادەینە دەست هەرزە و لە یاساهەڵاتووەکان

سەڵاح

کەشناسی هەرێم : لە هەندێک ناوچە لێزمە باران و هەورە تریشقە دەبێت

سەڵاح