ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

مەریوان قەرەنی: سەرۆك كۆماری عێراق واز لە موسەكین بێنە و هەڵوێستە راستەقینەكە بنوێنێنە

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەلێت، هەروەك دەزانن پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، پشكی هەرێمی كوردستان و پێكهاتەی كوردە لە عێراقدا، بەداخەوە كورد بەپێی پێویست سوودی لەم پۆستە نەبینیوە، بگرە زۆرجار ئەو پۆستە بۆتە بارێكی گران بەسەر شانی هەرێمی كوردستانەوە.

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسینێكی بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: هەروەك دەزانن پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، پشكی هەرێمی كوردستان و پێكهاتەی كوردە لە عێراقدا، پێویستیشە پێش ئەوەی بخرێتە خزمەت كۆی عێراقییەكان، ئەو پۆستە بخرێتە خزمەت مافەكانی كورد و هەرێمی كوردستان لە وڵاتەكەدا!

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەلێت، بەداخەوە كورد بەپێی پێویست سوودی لەم پۆستە نەبینیوە، بگرە زۆرجار ئەو پۆستە بۆتە بارێكی گران بەسەر شانی هەرێمی كوردستانەوە و یەك دوانێك لەوانەی بوونە سەرۆك كۆماری عێراق لەسەر حیسابی كورد، بەداخەوە نەك هەر لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەوەستان، بەڵكوو لەگەڵ شۆڤێنییەكان و هەندێك لە عەرەبە شیعەكان، پیلانگێڕییان لە دژی هەرێمی كوردستان دەكرد.

مەریوان قەرەنی ئەوەشی خستەروو، کە ئێستا بارودۆخی عێراق رۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپبوون دەچێت، لەگەڵیشیدا شۆڤێنییەكان و هەندێك لە عەرەبە شیعەكان، بە مەبەستی لابردنی سەرنجی رای گشتیی عێراقی لەسەر شكستەكانیان و تاڵانكارییەكانیان لە داهاتی وڵاتەكەدا، بەردەوام دژایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەن! بە ڕادەیەك كە بەداخەوە خەریكە لە ڕێگەی هەندێك دامەزراوەی عێراقەوە پێچەوانەی هەموو ڕێككەوتن و عورف و یاساكان و پێچەوانەی دەستوور، هەوڵی لاوازكردن و هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان دەدەن!

ئاماژەی بەوەشداوە، کە لەم ماوەیەدا و بە تایبەتیش لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، پرۆسەی تەعریبكردنی كوردستان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە لوتكە، ماددەی 140ی دەستوور بە تەواوی پشتگوێخراوە، ڕێگە نادرێت هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی بفرۆشێت، كار بۆ لاوازكردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمەكەمان دەكرێت، لە بەغداوە هەوڵی نانەوەی دووبەرەكی لەنێوماڵی كوردستان دەدرێت، گەندەڵیی لە عێراق گەیشتۆتە لوتكە، وڵاتەكە پڕكراوە لە میلیشیای سەر بە وڵاتێكی دراوسێ! سیستەمی فیدڕاڵی بە تەواوی دژایەتی دەكرێ و هانی ناوەندگەرایی دەدرێت! هۆكاری بەشی هەرەزۆری ئەم كێشانەش لەوەوە سەرچاوەیان گرتووە كە دادگای فیدڕاڵیی عێراق (لە ڕوانگەی ئێمە) وەك دادگایەكی بێلایەن رەفتار ناكات و بڕیارەكانی لە ڕوانگەی دوژمنایەتیكردنی كوردەوە سەرچاوە دەگرێت!

قەرەنی ئەوەشی نووسیوە، کە ئەوەی لەم دۆخەدا ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت و دەتوانێت باڵانسی زۆربەی كێشەكان لە قازانجی هەرێمی كوردستان بشكێنێتەوە، بەڕێز سەرۆك كۆماری عێراقە، ئەو پارێزەری دەستوورە و دەسەڵاتی ئەوەی هەیە ڕێگری لە هەر لایەك بكات لەوانەی كە دژایەتیی كورد و كوردستان دەكەن. بۆیە سەرۆك كۆمار دەتوانێت بە یەكێك لەم دوو ڕێگەیە، دادگای فیدڕاڵی بێنێتەوە سەر ڕێگە ڕاستەكەی:

یەكەم: ئەوكاتەی كابینەكەی محەمەد شیاع سوودانی پێكهات، كارنامەی حكوومەتەكەی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا، هاوكات ئەو وەرەقە سیاسییەش دەنگی لەسەر درا كە لە هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتەوە (كە هەموویان حزبە پێكهێنەرەكانی حكوومەتی عێراقن) واژۆی لەسەر كرابوو. لە پەرلەمان وەرەقە سیاسییەكەش هاوشێوەی كارنامەكەی سوودانی دەنگی لەسەر درا، ئەمەش مانای وایە كە بوو بە بەشێك لە كارنامەی حكوومەتەكەی سوودانی. یەكێك لە خاڵەكانی ئەو كارنامەیە ئەوەبوو كە دەبوایە لە ماوەی شەش مانگ پاش دروستكردنی حكوومەتی عێراق، پرۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵی بنێردرێتە پەرلەمانی عێراق و دەربچوێندرێت، چونكە ئەو دادگایەی ئێستا هەیە، بەپێی دەستوور دروست نەبووە.
ئێمە بە پێویستی دەزانین بەڕێز سەرۆك كۆمار بەیاننامەیەك دەربكات و داوا بكات لە ماوەیەكی دیاریكراودا بۆ نموونە (دوو مانگ) ئەو بڕگەیەی كارنامەی حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی تایبەت بە دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ بكرێت، ئەگینا هەڵوێست وەردەگرێت. ئەمەش لەبەر خاتری گەل و هەرێمەكەی چونكە ئەگەر كورد نەبوایە، بەڕێز سەرۆك كۆمار كۆشكی سەلامیشی نەدەبینی!

دووەم: ئەگەر بەدەمەوەهاتن نەبوو، ئەوا بە ڕای ئێمە، مرۆڤ شەرمە لە پۆستێكدا بێت كە كەس حیسابی بۆ نەكات، بۆیە پێویستە بە فەرمی دەست لەكار بكێشێتەوە، ئەوكات كەسیش گلەیی لێ ناكات!

هەروەها مەریوان قەرەنى ئاماژەى داوە، جگە لەم دوو چارەسەرە، ڕێگەی سێیەم لەبەردەم سەرۆك كۆماردا نییە، پێشوازیكردن لە تەیف سامی و تەلەفۆنكردن لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی، موسەكینە و دەردەكە چارە ناكات! .

 

رێباز یونس

هەواڵی پەیوەندیدار

مەسرور بارزانی بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی وانەبێژان دەرکرد

یاسین

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى هۆڵه‌ندا كۆبووه‌وه‌

یاسین

ڕاگەیاندراوێک لە گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

یاسین