ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

روونکردنەوەیەک لە کونسوڵخانەی چین لە هەولێر

کونسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر لەبارەی شامپۆی “بریملس” ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت: ئامادەن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بکەن بەمەبەستی دۆزینەوەی سەرچاوە و کەناڵی هاوردەکردنی بەرهەمەکە بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە، 01-04-2024، گوتەبێژی کونسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی شامپۆی “بریملس” بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، “ئێمە سەرنجمان به‌و ڕاپۆرتانە داوه‌ کە لەلایەن هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ سەبارەت بە بەرهەمێکی شامپۆ بە ناوی بریملس “Brimles Herbal-Bubble”، لێره‌دا ده‌مانه‌وێت هاوسۆزیی خۆمان بە بەکارهێنه‌رانی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ بگەیەنین”.

گوتەبێژی کونسوڵخانەی چین لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئامادەیی هه‌ماهه‌نگیی لەگەڵ لایه‌نه‌ پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە “بەمەبەستی دۆزینەوەی سەرچاوە و کەناڵی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە و زانیاری سەبارەت بە ئەنجامی پشکنینی کوالێتی”.

حکوومەتی چین، وەکو ئەوەی لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، “بایەخێکی زۆر بە کواڵێتی و سەلامەتیی کاڵاکانی هەناردەکراوەکانی چین ده‌دات، فه‌رمانگه‌كانی ڕێکخستنی بازاڕ و گومرگ بە تووندی بڕگە پەیوەندیدارەکانی یاسای کۆماری میللیی چین سەبارەت بە کوالیتی بەرهەم بە پشکنینی کاڵای هاوردە و هەناردەکردن جێبەجێ دەکەن”.

گوتەبێژی کونسوڵخانەی چین دەڵێت، “ئێمە پێمان وایە هەر بەرهەمێکی ساختە و خراپ، کاتێک پشتڕاستکرایەوە، پێویستە بە خێرایی لە بازاڕ دەربکرێت و لە ڕێگەی هەوڵە هاوبەشەکانمانەوە دەتوانین بەرژەوەندیی و مافی بەکارهێنەران لە پلەی یەکەمدا بپارێزین”.

هەواڵی پەیوەندیدار

سوودانی لەگەڵ لایەنە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوە

یاسین

کۆمپانیای Samsung وەشانی One UI 6.1 بۆ ولاتی ئەمریکا بەردەست دەکات

یاسین

ئاسایشی هه‌ولێر چوار كه‌س له‌سه‌ر رفاندنی كچێك ده‌ستگیر ده‌كات

یاسین