لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی، لە سنووری بەحرکە دەست بە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی بە چاندنی ملیۆنان داری فستق و زەیتوون لە دەوروبەری هەولێری پایتەخت كراوە.
ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گرنگە و، چاوەڕوان دەکرێت کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت لەسەر کەمکردنەوەی خۆڵبارین، ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی. لە قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژەیەدا، کە ڕووبەرەکەی 13 هەزار دۆنمە، تەنیا داری زەیتوون و فستق دەچێنرێت. بە گشتی لەهەموو قۆناغەکانی ئەو پڕۆژەیەدا، ( 7 ملیۆن ) دار دەچێنرێت.
پێشتر لێکۆڵینەوەی ورد لەوبارەیەوە ئەنجامدراوە و چەندان لیژنە سوودیان لە ئەزموونی ئەندازیارانی دەرەوەی وڵات وەرگرتووە، ماوەیەک پێش ئێستاش، ئەندازیارانی وڵاتی یۆنان سەردانی هەولێریان کرد و لێکۆڵینەوەیان لە خاک، ئاو، هەوا و ژینگەی ناوچەکەدا کرد، بۆ ئەوەی بزانن چ جۆرە دارێک گونجاوە بۆ چاندن لە هەولێر.
جێگەی باسە، پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی یەکێکە لەو پڕۆژانەی کاریگەری لەسەر کەشوهەوا دەبێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵێکی زۆری داوە بۆ پاکترکردنی ژینگەی هەرێم. لە ماوەکانی ڕابردووشدا چەندان ڕێکار بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگە گیرانەبەر و چەندان پڕۆژەش جێبەجێکران، لەوانەش داخستنی مۆلیدەی گەڕەکەکان و پڕۆژەی ڕووناکی. لە ماستەر پلانی هەولێریشدا، پشتێنەی سەوزایی یەکێک بووە لە پڕۆژە گرنگەکانی پاک ڕاگرتنی ژینگەی هەولێر و بە تەواوبوونی، ڕێژەی سەوزایی پایتەختی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 25% زیاد دەکات.

