zagros news agency

ریفۆرم لە پۆلیسی کوردستان دەکرێت

 

دوای نیوەڕۆی چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە یەکێک لەو لێژنانە کە بۆ پێداچوونەوە بە ئەرک و پەیکەر و شێوازی مامەڵە و ڕاهێنان و پەرەپێدانی توانای جەستەیی و هزری پۆلیسی کوردستان ڕاسپێردراون. بەڕێز وەزیری ناوخۆ لە سەرەتای کۆبوونەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەو دیدارە و پوختەیەکی لەسەر دونیابینی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ڕێزدار مسرور بارزانی بۆ شێوازی مامەڵەکردنی حکومەت بە دامەزراوە و فەرمانبەرەکانی لەگەڵ هاووڵاتیان خستە ڕوو کە بریتییە لە پەیڕەوکردنی میتۆدی بەسەنتەرکردنی هاووڵاتی لە خزمەتگوزارییەکان. هەروەها باسی لە پێویستی پێداچوونەوەی جددی بە کەرتی پۆلیس کرد بە هەموو ئەرک و سێکتەر و بەرنامەکانەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم و تێڕوانین و چاوەڕوانی هاووڵاتیانی کوردستان بگونجێت.
بۆ ئەم مەبەستە ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس هاوشان لەگەڵ لێژنەیەکی دیکەی باڵا کە بۆ ئەرکی ئامادەکردن و نوسینەوەی ڕێبەری کاری پۆلیسی لە کوردستان پێکهاتووە، بۆ ئەو ئەرکە ڕاسپێردراون.

بەڕێز وەزیری ناوخۆ لێژنەی ڕاسپارد کە بیرۆکە و وردەکاری ئەو پڕۆژەیە لە گەڵ کارمەند و ئەفسەران لەسەر ئاستی کوردستان لە ڕێی ئەنجامدانی کۆبوونەوە و ورک شۆپ بەش بکرێت و ڕا و سەرنج و بۆچوونەکانیان بۆ دەوڵەمەندکردنی بە هەند وەربگیرێ. هەروەها سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو بە گونجاندنی لەگەڵ سروشت و ژینگەی کۆمەڵگەی کوردستان و پاڵپشتی ئاژانس و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەربگیرێ.

لە لایەکی دیکە جەنابی وەزیری ناوخۆ جەختی لە پێویستی ئامادەکردن و ڕاهێنانی بەردەوامی جەستەیی و هزری بۆ کارمەندان و ئەفسەران کرد و ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن، بەڕێوەبەرایەتییەکانی مەشق و شیاندن، بەڕێوەبەرایەتی و بەشەکانی ئاراستەکردن و ڕابەریکردنی مەعنەوی،و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کۆمەڵگەیی ڕاسپارد بۆ ڕێکخستنی خول و ڕاهێنانی بەردەوام. پێداچوونەوە بە پەیکەری گشتی پۆلیس، ئەرکەکان، بنکەکانی پۆلیس وەکو یەکەی بنەڕەتی کاری پۆلیس، سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای مۆدێرن بۆ ئاسانکردنی ئەرکەکان، پەروەردەکردنی سەرکردە و دابەشکردن و شۆڕکردنەوەی ئەرکەکان، و چەندین تەوەری دیکە بە وردی گفتوگۆیان لەسەر کرا.

ئامادەبووان بە پەرۆشییەوە سوپاسی بەڕێز وەزیری ناوخۆیان کرد بۆ ئەو کۆبوونەوە گرنگە و گفتوگۆکردن لەسەر وردەکاری بیرۆکە و پڕۆژەی چاکسازیکردن لە پۆلیسی کوردستان و سەرنجەکانیان بۆ قۆناغی ئایندە و دابەشکردنی ئەرکەکان خستە ڕوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

شەممە مووچەی ئەم توێژە دابەش دەکرێت

یاسین

شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ به‌شداريی له‌ پرسه‌ى سه‌رۆككۆمار و ياوه‌رانی گەیشتە تاران

سەڵاح

*سەرۆکی حکومەت بە بانگهێشتێکی فەرمی سەردانی شانشینی بەحرەین دەکات

دڵشاد