ئەمڕۆ شەممە 2025.11.1، هەریەک لە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەرى مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانیەکانی هەولێر و ڕەوەند قادر، سەرۆکی شارەوانی دارەتوو، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوە چوونى کارەکان، قیڕتاوکردنی دووسایدی ( گەڕەکی ژین )ـیان لە ناحییەی دارەتوو بەسەرکردەوە، کە بە گوژمەی ( 2 ملیار 422 ملیۆن دینار ) لە سەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و بۆ ماوەیەک بەهۆی کێشەی داراییەوە پڕۆژەکە لە کارکردن وەستابوو و ئەمڕۆ قیڕتاوکرا.
دواى ئەوەى لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان کرد، دەستخۆشیان لە تیمی ئەندازیارى و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە کرد و پیرۆزباییان لە دانیشتوانى گەڕەکەکە کرد بۆ تەواوکردنی سایدێکی شەقامەکە وەک قۆناغی یەکەم و ڕاشیانگەیاند لە نزیکترین کاتدا دەست دەکرێت بە قیڕتاوکردنی سایدی دووەمی شەقامەک و پڕۆژەکە بەماوەیەکی کەم تەواو دەکرێت، کە خواست و ویستى دانیشتوانی گەڕەکەیە.
لە لێدوانێکیشدا، بۆ کەناڵەکان، پارێزگاری هەولێر، جەختی لەوەکردەوە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە ناحیەی دارەتوو چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ دانیشتوانی ئەنجامدراوە.
هەروەها وێڕای دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکان و سەرۆکایەتی شارەوانی ناحیەکە، سوپاسی وەزیری شارەوانی كرد، كە لە چوارچێوەی پلانەكانی وەزارەت بۆ ئەو پڕۆژانەی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدەن هەمیشە هاوكار و هەماهەنگی پارێزگای هەولێر بوونە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکان لە هەولێری پایتەخت.
جێگەى باسە، پڕۆژکە دووسایدی گەڕەکی ژینی دارەتوو پێکهاتووە لە 2500 مەتر درێژی و پانی 30 مەتر و بۆ هەر سایدێک 10 مەتر پانی و دروستکردنی ئاوەڕۆ بە درێژی 3800 مەتر، بەتەوابوونی جگە لەوەی ئاسانکارییەکی زۆر پێشکەش بە هاتووچۆی دانیشتوانی گەڕەکە دەکات، سەنتەری ناحیەی دارەتووش بەگەڕەکە کە دەبەستێتەوە.

