ئەمڕۆ دووشەممە 2025.11.3، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، لەگەڵ ژمارەیەك لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چالاكوانان كۆبۆوە.
لەکۆبوونەوەکەدا، كە ناز جەلال، بەڕێوەبەری قەیرانەكانی پارێزگا ئامادەی بوو، پارێزگاری هەولێر، كار و چالاكییەكانی ڕیكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و چالاكوانانی بەرز نرخاند و جەختی لەوەكردەوە پارێزگاری هەولێر هەموو ئاسانكارییەكی پێشكەش كردوون و پێشكەشیان دەكات تاوەكو ئازادانە، پیشەوەریانە، كارو چالاكییەكانیان ئەنجامبدەن و گوزارشت لە بیر و ئەندێشەی خۆیان بکەن.
لە تەوەرێكی تری کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایەسەر هەماهەنگی و هاوکاری زیاتری نێوان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چالاكوانان لەگەڵ پارێزگای هەولێر، تاكو بتوانن لە داهاتوودا كارو پڕۆژەی هاوبەش لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر بەتایبەتی ئاوارە و پەناهەندەكان ئەنجامبدرێت.

