وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیارێك بۆ ئۆتۆمبێلی میری و ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری دەردەكات و هۆشدارییش بەو فەرمانبەرانە دەدرێت، كە بە نایاسایی دوای دەوام ئۆتۆمبێلی حكوومی بەكار دەهێنن.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە تایبەت بە ئۆتۆمبێلی حكوومی دەركراوە و تێدا ئاماژە بەوە كراوە، نابێت: “ئۆتۆمبێلی میری جگە لە ژمارەی میری هیچ ژمارەیەكی دیكە لێ بدات، تەنیا ئەگەر بە بڕیار ئۆتۆمبێلەكە ژمارەی شارستانی پێ درابێ، بەدەر لەوە ئۆتۆمبێلەكە دەستی بەسەردا دەگیرێت و رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.”
هۆشداری دراوە و جەخت كراوەتەوە: “ئەوەی ئەو كارە بكات، ئەوا ئۆتۆمبێلەكەی رادەستی پۆلیسی هاتوچۆ دەكرێت و بۆ دادگا دەنێردرێت و فەرمانگەكەیشی لێ ئاگادار دەكرێتەوە.“
وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی خستووەتە ڕوو: “ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری ئەگەر ئەو ئۆتۆمبێلەی لەگەڵی بوو بەبێ فەرمانی شاندكردن، دەبێت لە لایەن بازگەكان رێگەی پێ نەدرێت لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە لە رێگەی بازگەكان هاتوچۆ بكات.”
وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەش كردووە، كە باجی رێگەپێدانی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی میری دوای دەوام بە هەموو ئۆتۆمبێلێك نادرێت، تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانە نەبێت، كە بۆ كاری پێویستی فەرمانگە و وەزارەتەكانن، ئەوەش هاتووە: “فۆڕمی تایبەت هەیە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەدوای دەوام پێویستن بۆ بەكارهێنان، دەبێت رەزامەندیی هەبێت و وێنەی شۆفێری لەسەر بێت و هۆكار بەكارهێنانی بە ڕوونی دیار بكرێت.”
بەپێی نووسراوەكە، ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری دەبێت لەدوای كۆتاییهاتنی ئەركی فەرمی لە گۆڕەپانی فەرمانگە، یان هەر فەرمانگەیەكی حكوومیی نزیك شوێنی نیشتەجێبوونی شۆفێرەكە رابگیرێت، ئەویش بەپێی تۆمارێكی تایبەت.

