قایمقامیەتی قەزای کەلار تەواوبوونی کارەکانی چاککردنەوەی بەربەستی لافاوی گوندی (سەید خەلیل)ی ڕاگەیاند، کە بەهۆی شەپۆلەکانی ئەم دواییەی لافاوەوە زیانی بەرکەوتبوو و بەشێکی ڕووخابوو.
ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای کەلار بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی بەهۆی کاریگەریی شەپۆلەکانی لافاو، بەربەستی پاراستنی گوندی سەید خەلیل تووشی ڕووخان هات، تیمە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ دەستیان بە کارکردن کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
ئاماژە بەوەش کراوە، پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی (عارف حاجی عادل)، قایمقامی قەزای کەلار ئەنجام دراوە و تیمەکان توانیویانە لە ماوەیەکی زۆر کەم و پێوانەییدا، بە شێوەیەکی تۆکمە و ئەندازیاری بەربەستەکە چاک بکەنەوە.
قایمقامیەتی کەلار دڵنیایی دەدات کە بە تەواوبوونی ئەم کارە، مەترسی لافاو لەسەر دانیشتووانی ناوچەکە و شاری کەلار دوورخراوەتەوە و بەربەستەکە توانای بەرگەگرتنی هەیە.

