ئەمڕۆ دووشەممە 15ی کانونی یەکەمی 2025، بەڕێز ” محەممەد ئەلحەسان”سەرۆکى نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریکردنى عێراق (یونامی)، لە بارەگای نوێنەرایەتییەکە، لەگەڵ بەڕێز “فارس عیسا” سەرۆکى نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆبووەوە.
لەمیانی دانیشتنێکدا ، باسیان لە بارودۆخی سیاسی ئێستای عێراق کرد، لەدوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، هەروەها هەوڵە بەردەوامەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی فیدراڵی و شایستەییەکانی هێزە سیاسییەکانی عێراق.
هاوکات تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی سیاسی گشتی هەرێم، و پێگەی کورد لە بەغدا کرا.
لای خۆیەوە “ئەلحەسان” سوپاس و پێزانینی خۆی، بۆ هەوڵەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەربڕى، بەمەبەستى چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم بتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

