ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ماوەیەکە ژمارەیەک لە قوتابییان گلەییان هەیە و دەنگێکی ناڕەزایی بەرز بۆتەوە لە هەمبەر بابەتی داخستن یان کردنەوەی چەند بەشێکی زانستی لە زانکۆ ئەهلییەکان بە تایبەتی، هەروەها چەند ڕۆژێکیشە قوتابییان کۆمەڵ کۆمەڵ دەچنە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەم بارەوە. ئێمە لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ دروستبوونی هۆکاری ئەو گلەییانەی کە پەیوەندی بە وەرگرتنی ژمارەیەک لە قوتابییان هەیە لە بەشە زانستییەکان و هەروەها هەڵسەنگاندنی ئەو بەشە زانستییانەی کە لە زانکۆ ئەهلییەکان کراوەتەوە.
گوتیشی: لەو چوارچێوەیەدا ئێمە هەوڵی تەواومان داوە بۆ کردنەوەی بەشە زانستییەکان، بەڵام دەبێت بە پێی ئەو ڕێکار و بنەما زانستییانە بێت کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پەسەندی کردووە و بەپێی ئەو یاسایانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا پەیڕەو دەکرێن.
وەزیری خوێندنی باڵا ڕاشیگهیاند: لەم چوارچێوەیەدا هیچ قوتابی و خوێندکارێک مافی نافەوتێت و هەموو لایەنێکی ئەم کێشەیە لەبەرچاو دەگیرێت.
ئارام محەمەد، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئێستا گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی هەڵسەنگاندن بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا خوێندنی ماستەر و دکتۆرا جارێکی دیکە لە کوردستاندا بکرێتەوە و بە پێی ئەو هەڵسەنگاندنە زانستییانەی کە لەبەردەستیاندایە هەموو ئامادەکارییەک دەکرێت و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو پرسەش یەکلایی دەبێتەوە.
لەبارەی وەرگرتنی پارە لە پارالێڵ و هەروەها بەشێکی ئەو پارانەی کە لە قوتابییان وەردەگیرێت، ئارام محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە پێشتر کۆمەڵێک بڕیار دراوە و ئێستاش هەندێک ڕێکاری دیکە دەگیرێنەبەر بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو سیستەمە کارگێڕییەی کە زانکۆکانی کوردستان پەیڕەوی دەکەن بتوانن هەم قوتابییان باریان سووک بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن پرۆسەی خوێندن تەواو بکەن و هەموو زانکۆکانیش بێ دەستمایە نەبن.

