ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

مەریوان قەرەنی: رێككەوتنەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی مووچە چارەسەرێكی گونجاوە و پێویستە پاساوی نوێ نەهێندرێتەوە

 

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: پێش جەژنی رەمەزانی پیرۆز، لە ئەنجامی ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، بۆ یەكەمینجار دوای ١٠ ساڵ لە بێبەشكردنیان لە مووچەكانیان لە لایەن بەغداوە، لە ماوەیەكی كەمدا مووچەخۆرانی كوردستان دوو مووچەیان بۆ نێردرا، ئەمەش هەنگاوێكی دڵخۆشكەرانە بوو نەك هەر بۆ خەڵكی كوردستان و دۆستانمان لە عێراق، بگرە لە ئاستی نێودەوڵەتیش كاردانەوەی هەبوو، هەروەك قسەكانی جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و پشتیوانیكردنی لە ناردنی مووچە بۆ هەرێمی كوردستان.

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گووتی: بەداخەوە لەم چەند رۆژەی رابردوودا، هەست بە چڕبوونەوەی هەوڵی هەندێك لایەنی ناوخۆیی دەكەین لەوانەی چارەنووس و ئاییندەی خۆیان لە خراپیی دۆخی خەڵك دەبیننەوە و حەز دەكەن خەڵكی هەرێمی كوردستان بێ مووچە بێت، ئەو لایەنانە لە ڕێگەی پەرلەمانتارەكانیانەوە فشار دەكەن و دەنگۆی ئەوە بڵاودەكەنەوە گوایە دیسان بابەتی تەوتین هاتۆتەوە بەرباس و دەیانەوێ لەم ڕێگەیەوە مووچەخۆرانی كوردستان تووشی دڵەڕاوكێ بكەن و دیسان بازاڕ بشڵەژێننەوە، بە چاوی خۆشمان دەبینین ئەم لایەنانە و پەرلەمانتارەكانیان ڕۆژانە شان بە شانی كەسانێكی شۆڤێنی، هانی دروستكردنەوەی ئەم كێشەیە دەدەن.

مەریوان قەرەنی گووتیشی: ئێمە دووپاتی دەكەینەوە كە ڕێككەوتنەكەی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ لەبارەی مووچە لەم كاتەدا چارەسەرێكی گونجاوە و ناكرێ بكرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تەسكی هەندێك كەس و لایەن، باشترە پاشان هەنگاو بەرەو ئەوە بنرێت كە لە چوارچێوەی پرۆژەی (هەژماری من)دا تەوتینی مووچەخۆران بكرێت و كێشەی مووچە بە یەكجارەكی چارەسەر بكرێت، بەهۆی ئەوەی هەژماری من دژی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی نیە، هەروەك هادی عامریش رای گەیاند، لە تەوتینەكەی عێراقیشدا بانكی ئەهلی هەن و بەشدارن.

هەروەها مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی بۆ ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە هیوادارین هەموو لایەنەكان لە كوردستان، بەرژەوەندیی خەڵكی بە گشتی و مووچەخۆران بە تایبەتی، لەبەرچاو بگرن، واز لەوە بێنن رۆژێك لە ڕێگەی دەستەی جێگومانەوە واژۆی ساختە بێننە بەغدا و جارێكی تر لە ڕێی پەرلەمانتارەكانیان لە لێژنەی دارایی داوای سەیر و سەمەرە لە وەزارەتی دارایی عێراق بكەن، لێرەشەوە پێیان دەڵێم، لەوە دڵنیا بن كە ئەگەر بەو خۆچەماندنەوەیەی ئێوە بوایە، بەغدا مووچەیەكی بۆ مووچەخۆران نەدەنارد.

 

رێباز یونس

هەواڵی پەیوەندیدار

ئه‌ڵمانیا… ژن و مێردێك لەسەر تاوانكردن دژ به‌ ئێزدییەکان دەستگیر كران

سەڵاح

پاتریاركی کڵێسای كلدانی له‌ عێراق و جیهان سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی دەکات

یاسین

ئاگادارییه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی

یاسین