zagros news agency

بەیاننامەی فەرمیی هاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە بۆنەی جەژنی ئەکیتۆ – سەری ساڵی بابلیی کلدانی (7326) و بابلیی ئاشووری (6776)

“بۆ هەموو شتێک سەردەمێک هەیە، بۆ هەر کارێکیش لە ژێر ئاسماندا کاتێک هەیە” (کۆچەر ٣: ١)

بە شادییەکی گەورە لە شانازی و بە باوەڕێکی نەگۆڕ کە لە قووڵایی مێژوو و ئومێددا ڕەگی داکوتاوە، هاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی ڕۆڵەکانی گەلە ڕەسەن و بەڕێزەکەمان لە نیشتمان و تاراوگە دەکات، بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی ئەکیتۆ؛ سەری ساڵی بابلیی کلدانی (7326) و بابلیی ئاشووری (6776). ئەم جەژنەی کە گوزارشت لە بەردەوامیی ژیان، نوێبوونەوەی سروشت و سەرکەوتنی ڕووناکی بەسەر تاریکیدا دەکات لە بەرەبەیانی شارستانییەتەوە.

ئەکیتۆ تەنها ئاهەنگێکی ساڵانە نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنێکی زیندووی ناسنامەیەکی شارستانییە کە مێژووەکەی بۆ قووڵایی کات دەگەڕێتەوە؛ ڕەگ و ڕیشەی لە سۆمەر، ئەکەد، بابل، ئاشوور و ئارام داکوتاوە. لەوێدا باپیرانمان یەکەمین لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتییان نووسییەوە و بناغەی شارستانییەت، نووسین، یاسا، ماتماتیک، گەردوونناسی و کارگێڕییان دانا. لەم خاکە پیرۆزەوە، خاکی میزۆپۆتامیا (بێث نەهرێن)، پەیامی مرۆڤ بەرەو ئاودانی و زانست و باوەڕ دەستی پێکرد.

ئێمە لە هاوپەیمانیی مەسیحی، کاتێک یادی ئەم بۆنە مەزنە دەکەینەوە، جەخت دەکەینەوە کە ناسنامەی نەتەوەیی و شارستانیمان تەنها میراتێکی مێژوویی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئێستا و ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە؛ داوامان لێدەکات هەموومان لە پەراوێزخستن و لەناوچوون بیپارێزین، هەروەها کار بکەین بۆ بەهێزکردنی پێگەی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و لە ژیانی سیاسی، ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیدا.

هەروەها دووپاتی دەکەینەوە کە کاروانی ئێمە لە هاوپەیمانیی مەسیحی، لە بەهاکانی باوەڕی کریستیانی ڕەسەنمانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە لەسەر بنەمای خۆشەویستی، دادپەروەری، ئاشتی و کەرامەتی مرۆڤایەتی دامزراوە. وەک چۆن یەسوعی مەسیح (شکۆمەندی بۆ ناوی) دەفەرموێت:

“خۆزگەی بۆ ئەوانەی ئاشتی دەخوڵقێنن، چونکە بە ڕۆڵەی خودا ناودەبرێن” (مەتتا ٥: ٩)

ئێمە بڕوامان وایە پەیامەکەمان لە سنووری سیاسەتی موجەرەد تێدەپەڕێت بۆ پەیامێکی مرۆیی و ئەخلاقی کە هەوڵی چەسپاندنی پێکەوەژیان و بنیادنانی کۆمەڵگەیەک دەدات کە هەمووان بێ جیاکاری لەخۆ بگرێت و مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان بپارێزێت.

ئێمە جەژنی ئەکیتۆ وەک سیمبولی یەکگرتوویی و نوێبوونەوە دەبینین، و دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ گەلەکەمان کە وەک دەنگێکی داکۆکیکار لە مافەکانی، پاسەوانێک بۆ ناسنامەکەی و شەريكێکی کارا لە بنیادنانی عێراقێکی فیدراڵی دادپەروەر بمێنینەوە؛ بە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی دەستوور بەبێ بژاردەیی، و هەرێمی کوردستانی سەقامگیر، گەشەسەندوو و ئارام کە باوەش بۆ هەموو ڕۆڵەکانی بکاتەوە و ببێتە نموونەیەکی ڕاستەقینەی فرەیی، پێکەوەژیان .

لە دەرفەتی ئەم بۆنە پیرۆزەدا، داوا لە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەر شوێنێک بن دەکەین کە دەست بە ڕەگ و ڕیشەی خۆیانەوە بگرن، زمان و کولتووری خۆیان بەهێز بکەن و ئەم میراتە مەزنە بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازنەوە. هەروەها داوا دەکەین ڕیز و گوتارمان یەکبخەین، و دەرگاکانی هاوپەیمانیی مەسیحی بە کراوەیی دەمێننەوە بۆ هەموو هێزە سیاسییەکان، دامەزراوە مەدەنییەکان و کەسایەتییە سیاسی و ئەکادیمییەکانی گەلەکەمان بۆ کارکردنی پێکەوەیی؛ چونکە هێزمان لە یەکگرتنمانە، و مانەوەمان لە دەستگرتنمانە بە ناسنامە و باوەڕمانەوە.

لە خودای مەزن داواکارین ئەم جەژنە بکاتە سەرەتایەکی نوێی پڕ لە خێر و ئاشتی، گەلەکەمان بپارێزێت، بەرەکەت بخاتە خاکەکەمان، و ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی بە ناوچەکەمان و هەموو جیهان ببەخشێت.

هەموو ساڵێک گەلەکەمان بە هەزاران خێر بێت
ئەکیتۆ برێخا – ساڵی نوێ پیرۆز بێت

هاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی کوردستان – دەستەی سیاسی

هەواڵی پەیوەندیدار

فازل میرانی پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆك بارزانی كرد

سەڵاح

کۆمیسیۆن رێژەی بەرایی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئاشکرا کرد؛ دهۆک یەکەمه

سەڵاح

نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ى هونه‌رمه‌ند مه‌هدى ئومێد ده‌كات

دڵشاد