هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بەئاژاسی هەوالی زاگرۆسی ڕایگەیاند، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی شاری هەولێر بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرا، کە تێیدا 700 هەزار نەمام چێندراون.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و پاراستنی ژینگەی پایتەخت. وتیشی: “قۆناغی یەکەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر کە خۆی لە ناشتنی ٧٠٠,٠٠٠ (حەوت سەد هەزار) نەمام دەبینێتەوە، بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کرا.”
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، هێمن سەید موراد سوپاسی خاوەن کردار (سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی) کرد و ڕایگەیاند: “سوپاسی خاوەن کردار دەکەین کە هەردەم دەڵێت ‘کردمان’ و بە کردەوە پڕۆژەکان دەگەیێنێتە ئەنجام.”
ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و جوانترکردنی سیمای شاری هەولێر.

