zagros news agency

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پڕۆژەی “ستراتیژیی ڕێڕەوی پایسکل‌سواری” لە سەنتەری شار دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و ئامانج لێی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و پاراستنی ژینگەیە. دەشڵێت: “دەمانەوێت سوود لە ئەزموونی پاریس و هۆڵەندا وەربگرین.”

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2026/5/7، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە هەنگاوە پراکتیکییەکانی پڕۆژەی “دروستکردنی ڕێڕەو و ڕێکخستنی پایسکل‌سواری” بەڕێوەچوو.

ئومێد خۆشناو لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند، پڕۆژەکە بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێدراوە و ئامانج لێی “خزمەتکردنی تەندروستیی گشتی و کەمکردنەوەی دەرچوونی گازە ژەهراوییەکانی ئۆتۆمبێلە.”

پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، هەولێر دەبێتە “یەکەمین شار لەسەر ئاستی عێراق وەک شارێکی دۆستی ژینگە و تەندروست بۆ هاووڵاتییان.”

سەبارەت بە وردەکاریی ئەندازیاریی پڕۆژەکە، ئاشکرای کرد کە لیژنەیەکی تایبەت وردەکارییەکانیان ئامادە کردووە و لەمەودوا لە نەخشەی بنەڕەتیی ئەو زەوییانەی دابەش دەکرێن، شوێنی تایبەت بە پایسکل و پیادەڕۆ دیاری دەکرێت.

خۆشناو گوتیشی: “بۆ ئەم پڕۆژەیە سوود لە ئەزموونی سەرکەوتووی شاری پاریس وەک دەستەخوشکی هەولێر و وڵاتی هۆڵەندا وەک پێشەنگی جیهانی لە بواری پایسکل‌سواریدا وەردەگرین.”

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە پێکهاتە “بازنەییەکەی” شاری هەولێر زەمینەیەکی گونجاوە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکە و بەستنەوەی گەڕەکەکان بە ناوەندی شارەوە. بڕیار وایە دوای وەرگرتنی کۆتا سەرنجەکان، پڕۆژەکە دەستبەجێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئەمەش وەک “وەرچەرخانێکی مۆدێرن” لە سیستەمی گواستنەوەی پایتەختدا دەبینرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

له‌سه‌ر دۆسیه‌ی‌ كوشتنی‌ هاوڵاتییه‌ك تۆمه‌تبارێك ده‌ستگیركرا

دڵشاد

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی هەنگاریا دەکات بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی

سەڵاح

کونسوڵی گشتی ئیمارات لە ھەولێر: هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان و سەقامگیری ئاسایش و کارئاسانی تێدا لە له‌بارو گونجاوه‌ …

دڵشاد