چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمانی عێراق کۆتایی هەفتەی داهاتوو دانیشتنێکی تایبەت بە دەنگدان لەسەر متمانەدان بە کابینەی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، عەلی ئەلزەیدی رێكبخات.
بەپێی زانیارییەكان، تاوەکوو ئێوارەی دوێنێش گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکان لە بەغدا لەسەر بنەمای پشکێنە بۆ دابەشکردنی وەزارەتەکان بەردەوام بوو، هەروەها زانیارییەکان باس لە ئەگەری گەڕاندنەوەی پۆستەکانی جێگری سەرۆک وەزیران و جێگرانی سەرکۆمار دەکەن بە مەبەستی ڕازیکردنی هەموو لایەنە بەشدارەکان.
بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، کارنامەی حکوومەتەکەی ئەلزەیدی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت کە تێیدا چاکسازیی ئابووری، بەهێزکردنی شکۆی دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی وەک لەپێشینەی کارەکان دیاری کراون.
سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ (عەرەبی ئەلجەدید) ئاماژەیان بەوە كردووە کە بەهۆی ململانێی توندی سەر وەزارەتە سیادییەکان، ئەگەر هەیە حکوومەتەکە بە شێوەی (بەشەکی) متمانە وەربگرێت، بەجۆرێک، لە قۆناغی یەکەمدا تەنها دەنگ لەسەر نیوەی کابینەکە بدرێت، بۆ ئەوەی ئەلزەیدی بە سوودوەرگرتن لە پاڵپشتییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بەفەرمی دەستبەکار بێت.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەحمەد شەرمانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد کە ئاراستەیەک هەیە بۆ دەنگدان لەسەر 15 وەزارەت لە دانیشتنەکەی کۆتایی هەفتەی داهاتوودا، ئەمەش وەک دەرچەیەکی یاسایی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئێستا.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە کە بەهۆی تەواونەبوونی ڕێککەوتنی کوتلەکان لەسەر پۆستە هەستیارەکان، بڕیار دراوە کەمترین ڕێژەی یاسایی کابینەکە تێپەڕێنرێت و پۆستە جێناکۆکەکانیش بۆ دوای جەژنی قوربان دوابخرێن.
لای خۆشیەوە، خالید عەرداوی، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، هۆشداری داوە لەوەی کە پارچەپارچەکردنی کابینەکە و بەردەوامیی ناکۆکییەکان لەسەر وەزارەتە سیادییەکان، ڕەنگە توانای حکوومەت بۆ بڕیاری ستراتیژی و چاکسازیی ڕاستەقینە لاواز بکات.

