بەمەبەستی بەهێزکردنی هەماهەنگیی سەربازی و ئەمنی لەنێوان هەولێر و بەغدا، وەفدێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سوپاسالاری عێراق کۆبوونەوە و پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگەیان تاوتوێ کرد.
دکتۆر چیمەن بابەکر بارزانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاژانسی هەوالی زاگرۆسی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بە یاوەری پەرلەمانتار شێروان دووبەردانی و هەریەک لە پەرلەمانتاران د. دانەر عبدالغفار و ئاڤێستا مام یەحیا، سەردانی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای عێراقیان کردووە و لەگەڵ فەریق روکن عەبدولئەمیر یارەڵا، سوپاسالاری عێراق کۆبوونەتەوە.
لەم دیدارەدا، پرسی هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق تەوەری سەرەکی بووە. دکتۆر چیمەن بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە جەختیان لە گرنگیی کاری هاوبەش کردووەتەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەن، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی گروپە تیرۆریستییەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پەرلەمانتارانی کورد باسیان لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو لایەن کردووە و داوایان کردووە حکومەتی فیدراڵ هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی و لۆجیستیی هێزەکانی پێشمەرگە. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە دەبێت چارەسەری ڕیشەیی بۆ ناوچە جێناکۆکەکان لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستووردا بدۆزرێتەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری دووپاتیان کردەوە کە پاراستنی ژیان و شکۆی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان و سەرانسەری عێراق، لە پێشینەی کارەکانیان دەبێت و بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتە ئەمنییەکان.

