zagros news agency

بە بەشداریی چەندین دامەزراوە؛ هەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوە لە بەنداوی گۆمەسپان بەڕێوەچوو

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، هەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوە لە دەوروبەری بەنداوی گۆمەسپان لە پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو. هەڵمەتەکە لەژێر دروشمی “هەموو ڕۆژێک هی ژینگەیە و پاک ڕاگرتنی ئەرکێکی نیشتیمانی و مرۆییە” ئەنجامدرا.

هەڵمەتەکە بە هاوبەشی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەی (کوردستان فاوندەیشن) ڕێکخرابوو، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەران و کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، تیمەکانی وەزارەتی شارەوانی، تەندروستی، و دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بەشداربوون. هەروەها خۆبەخشانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) و بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی هەولێر دەورێکی کارایان لە چاڵاکییەکەدا گێڕا.

د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکەدا ڕایگەیاند: “ئامانجی ئەم کەمپەینە تەنها کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک نییە، بەڵکو بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەییە لەنێوان هاووڵاتییاندا. ئێمە دەمانەوێت کلتووری پاراستنی ژینگە ببێتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک.”

د. هێمن میرانی ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە هاووڵاتییان لە کاتی گەشت و سەیرانەکانیاندا هەستی بەرپرسیارێتییان هەبێت و گوتی: “پێویستە هەر گەشتیارێک کە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان دەکات، شوێنەکەی بە پاکی بەجێبهێڵێت و پاشماوەکانی لەگەڵ خۆی بباتەوە.”

ئەم چاڵاکییە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارانی، بۆ بایەخدان بە ژینگەی کوردستان و ڕێگریکردن لە شێواندنی سیمای سروشتی ناوچە گەشتیارییەکان.

جگە لە لایەنە خۆبەخشییەکە، لە هەڵمەتەکەدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکان کرایەوە بەرامبەر ئەو کەسانەی زیان بە ژینگە دەگەیەنن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ چەسپاندنی یاسا و پاراستنی سەروەتە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار

“ئێمە تەنیا بەڵێن نادەین، بەڵکوو بەڵێنەکانیش جێبەجێ دەکەین”

سەڵاح

هاتووچۆی سلێمانی شۆفێران لەبارەی کامێرای خاڵ بۆ خاڵی ڕێگای چەمچەمال – تاسڵوجە ئاگادار دەکاتەوە

سەڵاح

پەیامی هاوخەمیی سەرۆک بارزانی بۆ کۆچی دوایی حەمەی عەزیز

یاسین