zagros news agency

لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا: ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سلێمانی زیاد دەکرێت

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە و زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، پڕۆژەیەکی گرنگی ستراتیژی لە پارێزگای سلێمانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرا.

ئەمڕۆ، ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، تیمە تەکنیکییەکانی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبا، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی هەردوو کۆمپانیای (کار) و (دانا گاز)، توانییان لە ماوەیەکی پێوانەییدا کە تەنیا شەش کاتژمێری خایاند، بۆریی نوێی گازی کێڵگەی کۆرمۆر بە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانییەوە ببەستنەوە.

وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند کە پڕۆسەی بەستنەوەی بۆرییەکە بە شێوەیەکی زۆر ورد و پلانداڕێژراو بەڕێوەچوو؛ بە جۆرێک کە لە ڕێگەی پشتبەستن بە وێستگەکانی دیکەی کارەبا، ڕێگرییان کرد لەوەی ڕاگرتنی وێستگەی سلێمانی کاریگەرییەکی ئەوتۆ بکاتە سەر ماوەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان.

ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی سلێمانی و جێگیرکردنی زیاتری تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستان. لای خۆیانەوە هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبا، دەستخۆشییان لە تیمە تەکنیکییەکان و کۆمپانیاکانی جێبەجێکار کرد کە توانییان ئەم ئەرکە نیشتمانییە لە کاتێکی کەم و بە کوالێتییەکی بەرز ئەنجام بدەن.

جێی باسە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی حکومەتدایە بۆ سوودوەرگرتنی زیاتر لە سامانی سروشتی ناوخۆیی لە پێناو باشترکردنی ژێرخانی وزە و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار

دوو تۆمەتباری فرۆشتنی سەماعەی قۆپیەکردن دەستگیرکران

یاسین

پەرلەمانتارێکی پارتی بۆ زاگرۆس: دەبێت دەست بە ئامادەکاریی خێرا بکرێت

یاسین

وەزارەتی پێشمەرگە رێنمایی نوێی خانەنشینی سەربازی بڵاو دەكاتەوە

سەڵاح