کۆریای باکوور بەردەوامە لە پیشاندانی هێزی خۆی. کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور، جارێکی دیکە چاودێریی چەند تاقیکردنەوەیەکی چەک و چۆڵی کرد. ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتیی کۆریای باکوور (KCNA) ڕایگەیاند کیم ڕۆژی هەینیی ڕابردوو چاودێریی هاویشتنی مووشەکی کرووز و بەکارهێنانی “سیستەمی جەنگی ئەلیکترۆنی” لە کەشتیی جەنگیی “کانگ کون” کردووە.
کیم لەوێدا بەڵێنی دا کۆریای باکوور سووربوونی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی “هێزی ڕەها” دەسەلمێنێت. میدیاکانی ئەو وڵاتە وێنەی کیمیان بڵاو کردەوە کە لە شوێنێکی چاودێریی کەناراوەکانەوە سەیری تاقیکردنەوەکان دەکات.
ساڵی ڕابردوو لە کاتی خستنەگەڕی ئەم کەشتییەدا، “کانگ کون” تووشی ڕووداوی وەرگەڕان ببوو. کیم ئەو کاتە ئەو ڕووداوەی بۆ “کەمتەرخەمیی ڕەها” گەڕاندبووەوە، بەڵام ئێستا فەرمانی داوە لە ماوەی دوو مانگدا بکەوێتە خزمەت هێزی دەریایییەوە.
کۆریای باکوور سەرەڕای سزاکانی نێودەوڵەتی، بەردەوامە لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی و لە ساڵی ٢٠٢٣دا پێگەی خۆی وەک هێزێکی ئەتۆمی لە دەستووری وڵاتەکەیدا جێگیر کرد.

