zagros news agency

عه‌لی زەیدی: عێراق لە “ئۆپێک” ناچێتە دەرەوە و هەوڵ ده‌دات پشكه‌كه‌ی زیاد بكرێت

 

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی دەستبەرداری ئەندامێتی خۆی لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) نابێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدەن پشکی وڵاتەکە لە بەرهەمهێنانی نەوتدا زیاد بکرێت.

زەیدی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی “العربية”ی سعوودی ڕایگەیاند: “عێراق یەکێکە لە وڵاتە دامەزرێنەرەکانی ڕێکخراوی ئۆپێک و لێی ناچێتە دەرەوە، بەڵام ئێمە بەدوای پشکێکی دادپەروەرانە دەگەڕێین لە بەرهەمهێناندا.”

ئەم لێدوانانەی سەرۆکوەزیران لە کاتێکدایە کە عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگە دارایی و ئابوورییە پەرەسەندووەکان دەبێتەوە، کە بەهۆی سنووردارکردنی بەرهەمهێنان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی “ئۆپێک پڵەس” بەسەر وڵاتەکەدا سەپێنراوە. بەغدا پێی وایە پشکی ئێستای بەرهەمهێنانی نەوت لەگەڵ پێداویستییە ئابوورییەکانی وڵاتێک کە ژمارەی دانیشتووانی ٤٦ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، ناگونجێت.

لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا، هاوپەیمانی “ئۆپێک پڵەس” بڕیاری دا پشکەکانی بەرهەمهێنان بە بڕی ١٨٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ مانگی ئابی داهاتوو زیاد بکات. هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتانی (سعوودیە، ڕووسیا، عێراق، کوێت، کازاخستان، جەزائیر و عومان) بڕیاریان داوە دەستکاری ئاستی بەرهەمهێنان بکەن بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیری بازاڕی نەوت.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئۆپێک، بەرهەمهێنانی هاوپەیمانییەکە لە مانگی ئایاری ڕابردوودا بۆ ٣٣.١٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە، لە کاتێکدا لە شوباتی ڕابردوودا ٤٢.٧٧ ملیۆن بەرمیل بووە. ئەم گۆڕانکارییانە دوای ئەوە دێن کە هەناردەی نەوتی کەنداو لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە وردە وردە دەستی بە چاکبوونەوە کردووە، ئەمەش دوای ڕێککەوتنی واشنتن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.

جێگەی ئاماژەیە، لە ٢٨ی نیسانی ڕابردوو دەوڵەتی ئیمارات بڕیاری کشانەوەی لە ڕێکخراوی “ئۆپێک” و هاوپەیمانی “ئۆپێک پڵەس” دا، کە لە ١ی ئایارەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بەمەش ئیمارات کۆتایی بە ئەندامێتییە ٥٩ ساڵەییەکەی لە ڕێکخراوەکەدا هێنا.

دوای بڕیارەکەی ئیمارات، وڵاتانی “ئۆپێک پڵەس” بڕیاریان دا پشتگیری سەقامگیری بازاڕ بکەن لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان بە بڕی ١٨٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە لە مانگی حوزەیرانەوە دەستی پێکردووە.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار

بە پاڵپشتی سەرۆكی حكوومەت لاپتۆپ و داتا شۆ بۆ مامۆستایان دابین كرا

سەڵاح

سەدان هەزار کەس لە ئیتالیا بۆ پشتیوانی لە فەڵەستینییەکان خۆپیشاندانیان کرد

یاسین

ئەرکی تۆم باراک لە سوریا کۆتایی هات

گوران