zagros news agency

دەسپاکی عێراق: ڕەشنووسی چەند یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و تۆمەتباران ئاماده کراوه

 

دەستەی دەسپاکی فیدراڵی ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە ڕەشنووسی چەند یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتی ئامادە کردووە بە مەبەستی گێڕانەوەی پارە دزراوەکان و ڕادەستکردنەوەی تۆمەتبارانی دۆسیەکانی گەندەڵی.
عەباس مەتەب، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وەرگرتنەوە لە دەستەی دەسپاکی و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی سندوقی گێڕانەوەی پارەکانی عێراق ڕایگەیاند: “هەندێک وڵات هەن کە بەهۆی هۆکاری تایبەت بە خۆیانەوە هاوکار نین لە دۆسیەی گێڕانەوەی پارەی گەندەڵکاراندا، لە بەرانبەریشدا وڵاتانی تر هەن کە لەم بوارەدا هاوکارن.”
ڕێگرییە یاساییەکان و چارەسەرە بەدیلەکان: ناوبراو ڕوونی کردەوە کە فەرمانگەکەیان ڕەشنووسێکی ئامادە کردووە بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو وڵاتانە بۆ وەرگرتنەوەی پارە و تۆمەتباران، بەڵام یاسا ناوخۆییەکانی هەندێک لەو دەوڵەتانە ڕێگە بە گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنانە نادەن کە عێراق داوایان دەکات. بۆیە عێراق پەنا دەباتە بەر دانوستان و میکانیزمی بەدیل بۆ بەدیهێنانی هاوکاری.
هۆکاری ڕادەستنەکردنەوەی گەندەڵکاران: ئاماژە بەوەش کرا کە زۆرێک لە وڵاتان بەهۆی هۆکاری جۆراوجۆری وەک بەرژەوەندیی ئابووری یان لایەنی مرۆیی هاوکاریی عێراق ناکەن، و زۆرجاریش کەسی گەندەڵکار مافی پەنابەری لەو وڵاتانە وەرگرتووە، ئەمەش پڕۆسەی ڕادەستکردنەوەیان قورس دەکات.
راشیگەیاند: ئەم ڕێوشوێنانە لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، چەندین هەنگاوی گرتووەتەبەر بۆ ڕاوەدوونانی داواکراوانی دۆسیەکانی گەندەڵی و چالاککردنی ڕێوشوێنە دادوەرییەکان بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەکان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق.
بەستنەوەی سستمی دەسپاکی بە ئینتەرپۆلەوە: پێشتر دەستەی دەسپاکی فیدراڵی ڕێککەوتنێکی هاوکاریی لەگەڵ نووسینگەی ناوەندیی نیشتمانیی ئینتەرپۆل لە بەغدا واژۆ کردبوو؛ بە مەبەستی گەیشتنی ڕاستەوخۆ بە سستمی زانیارییەکانی ئینتەرپۆل و بینینی زانیارییەکانی تایبەت بە داواکراوان، بۆ ئەوەی ئەو دەزگایانەی بەرپرسن لە لێکۆڵینەوە تاوانکارییەکان بتوانن بە هاوکاریی پۆلیسی نێودەوڵەتی لە وڵاتە جیاوازەکاندا کارەکانیان ڕاپەڕێنن.

هەواڵی پەیوەندیدار

مەسرور بارزانی، لە چوارچێوەی یەکخستنەوەى هێزی پێشمەرگە، دەسەڵاتی فەرماندەیی فەیلەق و فیرقەی دەڤەرەکانی دیاری کرد

سەڵاح

نرخی زیو لە بازاڕەکاندا بە جێگیری دەمێنێتەوە

سەڵاح

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەوە

یاسین