بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی “ڕۆیتەرز”ی ڕاگەیاند، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی شەممەی داهاتوو گەشتێکی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، نەتەنیاهۆ دەیەوێت لەم سەردانەدا لەگەڵ دۆناڵد ترامپ کۆببێتەوە، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی دیار نییە کە ئایا ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام دەدرێت یان نا.
ئەم هەوڵەی نەتەنیاهۆ بۆ دیداری ترامپ لە کاتێکدایە کە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرە ئێرانییەکان نوێکراونەتەوە. نەتەنیاهۆ دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم دیدارەوە ئەو متمانەیەی کە لە دوای شەڕی ئێرانەوە لە نێوانیاندا لاواز بووە، بگەڕێنێتەوە. بەتایبەت دوای ئەوەی چەندین لێدوان لە بازنەی نزیک لە ترامپەوە بڵاوکرانەوە کە ئاماژەیان بەوە دەکرد “هەڵسەنگاندنەکانی نەتەنیاهۆ بۆ دۆخەکە هەڵە بوون.”
پێشتر نووسینگەی نەتەنیاهۆ لە هەفتەی ڕابردوودا هەوڵی دابوو ژوانێکی کۆبوونەوە لەگەڵ ترامپ ڕێکبخات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. دواین کۆبوونەوەی نێوان ئەم دوو بەرپرسە لە ١١ی شوباتی ڕابردوو لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی بەڕێوەچوو.
تا ئێستا هیچ کاتێکی ورد بۆ کۆبوونەوەی ئەگەریی نێوان نەتەنیاهۆ و ترامپ دەستنیشان نەکراوە، لە کاتێکدا چاودێران پێیان وایە نەتەنیاهۆ دەیەوێت بە خێرایی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تیمی ترامپ ئاسایی بکاتەوە.

