تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)، ئەمرۆ شەممە، 23-5-2026، ڕایگەیاند، وەزارەتەکانی تەندروستی لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و ئۆگەندا، بڵاوبوونەوەی پەتای “ئیبۆلا”یان ڕاگەیاندووە، ئەوەش دوای پشتڕاستکردنەوەی چەندین حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی (بۆندیبوجیۆ) لە هەردوو وڵاتدا.
بەپێی بڕیارێکی بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوەکە کە لە 16ـی ئایاری 2026 دەرچووە، بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە لە کۆنگۆ و ئۆگەندا وەک “بارێکی نائاسایی تەندروستی گشتی کە جێگەی نیگەرانی نێودەوڵەتییە” پۆلێن کراوە، ئەمەش بەپێی بنەماکانی ڕێسا تەندروستییە نێودەوڵەتییەکان.
گێبرێیسوس ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو 21ـی ئایار، لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ 750 حاڵەتی گوماناوی و 177 گیانلەدەستدان تۆمارکراون. هەروەها ڕوونیکردەوە کە 85 حاڵەتی پشتڕاستکراوە هەن، کە 10 گیانلەدەستدانیان لەنێودایە.
سەبارەت بە دۆخی ئۆگەندا، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە تۆمارکردنی دوو حاڵەتی تووشبوون دەکەن کە لە دەرەوەی وڵاتەکەوە هاتوون، بەبێ ئەوەی تا ئێستا گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا پشتڕاست بکرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، تووشبوونی هاووڵاتییەکی ئەمریکی کە لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ کاری دەکرد پشتڕاست کراوەتەوە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گوازراوەتەوە بۆ ئەڵمانیا. هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی ئەمریکی کە بەرکەوتنی لەگەڵ تووشبووان هەبووە، تووشی ڤایرۆسەکە بووە.

