ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی تەممووزی 2026، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخەکانی نەوت کەمێک لەو لووتکە بەرزانە دابەزین کە لەژێر کاریگەریی چڕبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە تۆماریان کردبوو، بەڵام هێشتا لەسەر ئاستە بەرزەکانیان جێگیرن.
ئەم جووڵەیەی بازاڕ دوای ئەوە دێت کە پێشتر نرخی نەوت بەهۆی بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز بازدانێکی توندی بەخۆوە بینیبوو، بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ جۆرێک لە پارێزگاریی بازرگانان و قازانجکردنی وەبەرهێنەران، نرخەکان کەمێک دابەزیون و کەشێکی چاوەڕوانی بەسەر مامەڵەکاندا زاڵ بووە.
لە گۆڕانکارییەکانی ئەمڕۆی بازاڕدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت کەمێک پاشەکشەی کرد و گەیشتە 84.56 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی دوێنێ (85.46 دۆلار) بە بڕی 0.90 دۆلار نزمبووەتەوە. هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش ڕووی لە دابەزینێکی هاوشێوە کرد و نیشتەوە سەر 79.37 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە دواین ئاماری تۆمارکراو (79.79 دۆلار) دابەزینێکی 0.42 دۆلاری نیشان دەدات.
ئەم پاشەکشە کەمەی ئەمڕۆ نیشانیدەدات کە سەرەڕای بەردەوامیی ناڕوونییەکان لەبارەی تەوژمی وزە و داهاتووی گواستنەوەی خاو، بازاڕەکە لە ئێستادا بە وریایی و چاوەڕوانییەکی زۆرەوە چاودێری جووڵە سەربازی و دیپلۆماسییەکان دەکات پێش دیاریکردنی ئاراستەی داهاتووی نرخەکان.

