zagros news agency

“بی ئێم دەبلیو” لە سەرانسەری جیهاندا هەشت هەزار هەلی کار کەم دەکاتەوە

 

کۆمپانیای “بی ئێم دەبلیو” دەیەوێت بە نزیکەی نیوەی ٨٥ هەزار کارمەندەکەی لە ئەڵمانیا پێشنیاری وەرگرتنی قەرەبووی کۆتاییهێنان بە هاوکاری پێشکەش بکات. ئەم کۆمپانیایە لە نێو خۆبەخشەکاندا هێزی کارەکەی کەم دەکاتەوە و تا کۆتایی ٢٠٢٧ لە سەرانسەری جیهاندا هەشت هەزار هەلی کار لادەبات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسەکانی هەواڵی ئەڵمانیا و فەرەنسا، بە پشتبەستن بە سەرچاوە نزیکەکان لە کۆمپانیاکە، لەم پێناوەدا بەرنامەیەکی بەرفراوان بۆ پێدانی قەرەبووی کۆتاییهێنان بە هاوکاری لە ئەڵمانیا لەبەرچاو گیراوە.

لەم چوارچێوەیەدا، “بی ئێم دەبلیو” لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە بە نزیکەی ٤٠ هەزار کەس لە کۆی ٨٥ هەزار کارمەندەکەی لە ئەڵمانیا، پێشنیاری تاکەکەسی بۆ وەرگرتنی قەرەبوو پێشکەش دەکات.

ئەم کۆمپانیا ئەڵمانییە دەیەوێت لە نێو ئەو خۆبەخشانەی پێشنیاری قەرەبوو وەردەگرن، هێزی کارەکەی بەو ژمارەیەی پێویستە کەم بکاتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، کەمکردنەوەی هێزی کار بەشی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل ناگرێتەوە و تەنها پۆستە کارگێڕییەکان دەگرێتەوە. یەکێک لە گوتەبێژانی کۆمپانیاکە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوت: پێشنیارەکانی قەرەبوو بوارەکانی بەڕێوەبردنی کارگێڕی و پەرەپێدان دەگرێتەوە.

لە سەرانسەری جیهاندا نزیکەی ١٥٤ هەزار کەس بۆ ئەم کۆمپانیایە کار دەکەن بنکەکەی لە میونشنە. جیا لە پێدانی قەرەبوو لە ئەڵمانیا، بڕیارە بەشێک لە هەلی کارەکانیش لە ڕێگەی کەمبوونەوەی سروشتیی هێزی مرۆییەوە لادەبدرێن.

کۆمپانیاکە چاوەڕوان دەکات کەمکردنەوەی هەشت هەزار هەلی کار تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٧ جێبەجێ بکرێت و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئەم هەنگاوە لە ساڵی ٢٠٢٨ لە پێوەرە داراییەکاندا ڕەنگ بداتەوە.

 

نیوەی کارە لادراوەکان ئەڵمانیا دەگرێتەوە

پێشبینی دەکرێت تێچووی پێدانی ئەم قەرەبووانە بگاتە سەدان ملیۆن یۆرۆ. واڵتەر مێرتل، بەڕێوەبەری دارایی “بی ئێم دەبلیو”، لە مانگی حوزەیراندا گوتی: لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی دەستپێوەگرتندا، خەرجیی یەکجاری بە بڕی یەک ملیار یۆرۆ پێشبینی دەکرێت، بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە چەند لەو بڕە پارەیە بۆ کەمکردنەوەی هێزی کار تەرخان دەکرێت.

لەبەر ئەوەی زیاتر لە نیوەی هێزی کاری جیهانیی ئەم کۆمپانیایە لە ئەڵمانیان و بەرنامەی قەرەبووکردنەوەش هەر لەو وڵاتە جێبەجێ دەکرێت، “بی ئێم دەبلیو” چاوەڕوان دەکات زیاتر لە نیوەی کارە لادراوەکان ئەڵمانیا بگرێتەوە. کۆمپانیای “بی ئێم دەبلیو” تا ئێستا بە فەرمی لەسەر ئەم بەرنامانە لێدوانی نەداوە.

لە نێوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە دەنگۆی کەمکردنەوەی هێزی کار لەم کۆمپانیایەدا بڵاو بووەوە. ئەو کاتە میلان نێدلیکۆڤیچ، دوای دابەزینی فرۆشی “بی ئێم دەبلیو” لە چین، چاوەڕوانییەکانی قازانجی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم کردەوە و ڕایگەیاند دەیەوێت پڕۆسەی جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی دەستپێوەگرتن خێراتر بکات.

دوای ئەم لێدوانانە، ئەنجوومەنی کارمەندانی کۆمپانیاکە داوای گفتوگۆی “بەپەلە و پابەندکەر”یان کرد و دیارە دوای شەش هەفتە گەیشتوونەتە ئەنجام. کۆتا جار “بی ئێم دەبلیو” ساڵی ٢٠٢٠ و لە کاتی کۆرۆنادا لەسەر لادانی شەش هەزار کارمەند لەگەڵ ئەنجوومەنی کارمەندان ڕێک کەوتبوو.

 

گەورەترین کەمکردنەوەی هێزی کار لە ماوەی ٢٠ ساڵدا

کۆمپانیای “بی ئێم دەبلیو” تا ئێستا دوایین کۆمپانیای گەورەی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل لە ئەڵمانیا بووە بەبێ کەمکردنەوەی هێزی کار بەردەوام بووە. پێشتر کۆمپانیاکانی فۆڵکسواگن، مێرسیدس بێنز، ئاودی و پۆرشە ساڵی ڕابردوو هەنگاوی هاوشێوەیان ڕاگەیاندبوو.

لە فۆڵکسواگن ئێستا گفتوگۆ لەسەر لادانی چەند دە هەزار کارمەند لە ئارادایە. ئەمەش لە کاتێکدایە تەواوی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی ئەڵمانیا بەهۆی دابەزینی فرۆش لە چین، زیادبوونی هەناردەی ئۆتۆمبێلی چین بۆ ئەورووپا و باجەکانی ئەمریکا زیانی بەرکەوتووە.

کەمکردنەوەی هێزی کار لە “بی ئێم دەبلیو” بەم قەبارەیە، دوایین جار پێش تەنگژەی کۆرۆنا و دوای تەنگژەی دارایی ساڵی ٢٠٠٨ ڕووی دا؛ ئەو کاتە ژمارەی کارمەندانی کۆمپانیاکە لە ماوەی دوو ساڵدا ١٠ هەزار کەس کەم بووەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

مەسرور بارزانی : سوپاس بۆ خودای مەزن، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرنی عێراق بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات

یاسین

سەرۆکی حکوومەت سەنتەری ئیگڵ بۆست لە هەولێر دەکاتەوە

یاسین

ئێران و بیلاڕووس سەبارەت بە هاوکاریی سەربازیی ساڵی ٢٠٢٦ گفتوگۆ دەکەن

سەڵاح