zagros news agency

کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو

 

ئەمڕۆ سێشەممە، لەڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەسەر فەرمانی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو. ئامانجی کۆبوونەوە بریتی بوو لە روونکردنەوە و تاوتوێکردنی هەنگاوە کردارییەکانی پڕۆژەی چاکسازی و پەرەپێدانی کەرتی پۆلیس لە رووی پەیکەری کار، ئەدا و مامەڵە و هەڵسوکەوت، بەرزکردنەوەی توانای دامەزراوە هزریی و پەروەردەییەکانی پۆلیس، وەکو هێزی جێبەجێکردنی یاسا و یەکێک لە پایە گرنگەکانی دابینکردنی ئارامی و ئۆقرەیی بۆ کوردستان و پاراستنی ماف و سەر و ماڵی هاووڵاتیان.

لەڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، یەکێک لە خاڵەکانی نێو کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاکسازی لە ئەدای دامەزراوەکانی حکومەت بۆ بەرزکردنەوەی جۆرێتی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیان و بە سەنتەرکردنی هاووڵاتی لە کارەکانی حکومەت، وەزارەتی ناوخۆ پلانێکی دیراسەکراو و تۆکمەی بۆ پەرەپێدانی کەرتی پۆلیس بە ناوی (ستراتیژی چاکسازی لە پۆلیسی نیشتیمانی کوردستان ٢٠٢٦-٢٠٣٠) ئامادە کردووە کە لە سەر بنەمای (متمانە و خزمەت)، پێداچوونەوە بە پەیکەری کاری دامەزراوەیی پۆلیس و گونجاندنی لەگەڵ سەردەمی نوێ، پەیوەندی نێوان ئەفسەر و کارمەندان، جۆری پەیوەندی و مامەڵەی پۆلیس و هاووڵاتی، پەرەپێدانی دامەزراوەکانی پەروەردە و پێگەیاندنی پۆلیس دەکات. ئەم پلانە بۆ گۆڕینی ستراتیژی کارکردنی پۆلیس لە ( پۆلیسی لەسەر بنەمای هێز) بۆ (پۆلیسی لەسەر بنەمای متمانە و خزمەت)، کە هاووڵاتی تیایدا وەکو یەکێک لە هاوبەش و پاڵپشتیکارانی پۆلیس ناسراوە، ئەمەش دوای ئەوەی پێداچوونەوەی ورد بە مامەڵەی پۆلیس لە گەڵ هاووڵاتی دەکرێت کە لەسەر بنەمای ڕێز و هاوبەشێتی و هەماهەنگی دادەڕێژرێتەوە.

ئەم پێداچوونەوەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئەدای پۆلیسی کوردستانە کە سەرەڕای کارەکانیان لە سی ساڵی ڕابردوو بۆ پاراستنی ئارامی و سەر و ماڵی هاووڵاتیان، ئەم پڕۆژەیە دامەزراوەی پۆلیس بۆ ئاستی گۆڕانکارییەکانی سەردەم و چاوەڕوانی هاووڵاتیان ئامادە دەکات.

وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاندووە، لەم سۆنگەیەوە، لە ماوەی ڕابردوو توانراوە ڕاهێنان بە زیاتر لە 10 هەزار ئەفسەر و کارمەند بکرێت و بۆ ئەرک و قۆناغی نوێی خزمەتکردن ئامادە و پەروەردە بکرێن. وەزارەتی ناوخۆ پلانی داناوە کە لە چوار ساڵی داهاتوو، هاووڵاتی گۆڕانکاری گەورە لە ئەرک و ئەدا و مامەڵە و هەڵسوکەوت و ڕەفتاری ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیس ببینێ و وەکو دامەزراوەیەکی زیاتر نزیک لە خۆی بیانبینێت، کە ئاسایش و ئارامی بۆ دابین دەکەن، سەر و ماڵی دەپارێزن، ڕێزی مافەکانی دەگرن، پیشەییانە کەیسەکان وەردەگرن و یاسا بە بێلایەنی بە سەر هەمووان جێبەجێ دەکەن و کۆمەڵگە و هاووڵاتیان وەکو هاوبەش و هاوکاری دابینکردنی ئارامی دەبینن.

ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرای دەکات، لە کۆتایی ئەم مانگە دایەلۆگێکی سێ رۆژە لە هەولێری پایتەخت لە نێوان سەرکردەکانی پۆلیس کە لە بەڕێوەبەرانی گشتی دامەزراوەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بەڕێوەبەرانی پۆلیس لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و ئەفسەرانی باڵا، لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕاوێژکاری تایبەتمەند لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەرلەمانی ئێران چوار سفری لە دراوی نیشتمانی لابرد

یاسین

عێراق و ئێران 118 ڕوفاتیان ئاڵوگۆڕ کرد

سەڵاح

زاوایه‌كه‌ی تره‌مپ بۆ جاری دووەم لەگەڵ سەرکردایەتی حەماس کۆبووەوە؛داهاتووی غەززە تاوتوێ کرا

سەڵاح