zagros news agency

گەمارۆی سێ ماڵی فەلەستنی لە شارۆچکەی قەسەرە بۆ یازدەمین ڕۆژ بەردەوامە

 

نیشتەجێکراوانی ئیسرائیلی بۆ یازدەیەمین ڕۆژی لەسەریەک سێ ماڵی فەلەستینییان لە شارۆچکەی قەسرە لە باشووری نابلس لە کەناری ڕۆژاوای ڕووباری ئوردن لەژێر گەمارۆدا هێشتووەتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم گەمارۆیەدا، هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکەدا جێگیر بوون و هاتووچۆی دانیشتووانیان سنووردار کردووە، ئەمەش نیگەرانی و داواکارییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ دەستێوەردانی بەپەلە و بەهاناوەچوونی گەمارۆدراوان زیاتر کردووە.
عەبدولعەزیم ئەلوادی، سەرۆکی شارەوانیی قەسرە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئەلعەرەبییە گوتی ١٠ هاووڵاتیی فەلەستینی، لە نێویاندا دوو کچی سێ و چوار ساڵان، لە نێو ئەم سێ ماڵەدا گەمارۆ دراون. ناوبراو هۆشداریی دا کۆگای خۆراکی ئەم خێزانانە زۆر کەم ماوەتەوە و دەرمانە پێویستەکانیشیان تەواو دەبن. بە گوتەی ئەلوادی، ژنێکی ٦١ ساڵان لە نێو گەمارۆدراواندایە و بەهۆی نەخۆشییەوە پێویستی بە خۆراکی تەندروست و دەرمانی تایبەت هەیە.
سەرۆکی شارەوانیی قەسرە گوتی بەرپرسانی ناوخۆیی لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکان هەماهەنگییان کردووە و داواکارییەکیش لە ڕێگەی دەستەی هەماهەنگیی مەدەنیی فەلەستینەوە ئاراستەی لایەنی ئیسرائیل کراوە، بەڵام تا ئێستا مۆڵەت بۆ گەیاندنی خۆراک و دەرمان دەرنەکراوە. ئەلوادی ئاماژەی بەوەش کرد ڕێکخراوی یونیسێف چەند ڕۆژ پێش ئێستا توانیی هەندێک پێداویستی بگەیەنێتە گەمارۆدراوان، بەڵام هاوکارییەکان کەم بوون و خێزانەکان چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەکرد گەمارۆکە هێندە درێژە بکێشێت.
ئەلوادی ڕوونی کردەوە گەمارۆدانی ئەم ماڵانە لە درێژەی هێرشە بەردەوامەکانی نیشتەجێکراوانە بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەی چیای ڕەئسولعەین بە مەبەستی ناچارکردنی خێزانە فەلەستینییەکان بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە. ناوبراو گوتی ژمارەی نیشتەجێکراوانی دەوروبەری ماڵەکان لە نێوان ١٦ بۆ ٦٠ کەس دەگۆڕێت و هێزەکانی سوپای ئیسرائیلیش یەکێک لە ماڵەکانی تەنیشت گەمارۆدراوانیان کۆنترۆڵ کردووە و کردوویانەتە سەربازگە. ناوچەکە بە گوێرەی ڕێککەوتنی ئۆسلۆ دەکەوێتە نێو سنووری ناوچەی «ب» و بەردەوامیی ئەم ڕەوشە دەتوانێت واقیعێکی نوێ بسەپێنێت.
سەرۆکی شارەوانی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دەستبەجێ دەستێوەردان بکەن، چونکە بە دوورخستنەوەی نیشتەجێکراوان لە کێوی ڕەئسولعەین دەتوانرێت لە چەند خولەکێکدا کۆتایی بە گەمارۆکە بهێنرێت. مایک هاکەبی، باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە ئیسرائیل، ڕەخنەی لەو نیشتەجێکراوانە گرت بەشدارییان لە گەمارۆکەدا کردووە. لە لایەکی ترەوە ڕەخنە لە سوپای ئیسرائیل گیراوە لەبەر ئەوەی هەنگاوی توند بۆ دوورخستنەوەی نیشتەجێکراوان نانێت، لە کاتێکدا هاتووچۆی هاووڵاتییانی فەلەستینی سنووردار کراوە.
بە پێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، شارۆچکەی قەسرە لە ساڵی ٢٠٢٦دا زیاتر لە هەر شوێنێکی تری فەلەستینی لە کەناری ڕۆژاوای ڕووباری ئوردن ڕووبەڕووی پەلاماری نیشتەجێکراوان بووەتەوە و بووەتە یەکێک لە نێوەندە سەرەکییەکانی پێکدادان و گرژی لە ناوچەکەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆك بارزانى و 120 سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تيی نێوده‌وڵه‌تی كۆڕبه‌ندی مێپس به‌ڕێوه‌ ده‌چێت

یاسین

وەزیری ئیسرائیلی جوولەکەکانی نیویۆرک بانگهێشتی کۆچکردن بۆ ئیسرائیل دەکات

سەڵاح

‎کۆتایی مۆڵەتی ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران و ترسی گەڕانەوەی ئاڵۆزییەکان

گوران