zagros news agency

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوی (IOM) دۆخی ئاوارەکان و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان تاوتوێ دەکەن

 

ئەمڕۆ، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەرپرسی نووسینگەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) لە هەرێمی کوردستان کرد. لە دیدارەکەدا کۆمەڵێک پرسی مرۆیی گرنگ و بارودۆخی ئاوارەکان تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی تیشک خرایە سەر بارودۆخی مرۆیی ئاوارە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئاوارە ئێزیدییەکانی شەنگال. هەردوولا باسیان لەو ئاڵنگارییە بەردەوامانە کرد کە ڕووبەڕووی ئەم توێژە دەبنەوە، لەوانە: کێشەی نیشتەجێبوون، دابینکردنی پاراستن، باشترکردنی بژێوی ژیان و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان. هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانە تەنها لە ڕێگەی دابینکردنی ئاسایش، سەقامگیری و خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ناوچەکانیان دەبێت. لەم چوارچێوەیەشدا، جەخت لە گرنگی جێبەجێکردنی “ڕێککەوتنی شەنگال” و بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێم، حکومەتی فیدراڵ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە کاریگەریی پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان کرا، بەتایبەتی هێرشەکانی ١٧ی ئابی ٢٠٢٦. ئاماژە بەوە درا کە ئەم جۆرە هێرشانە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر سەلامەتی مەدەنییەکان و ژینگەی کارکردنی ڕێکخراوە مرۆییەکان هەیە و پێویستە پارێزبەندی بۆ کارە مرۆییەکان هەبێت.

هەردوولا بیروڕایان لەبارەی گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و کاریگەرییە مرۆییەکانیان ئاڵوگۆڕ کرد. جەخت کرایەوە لەسەر پێویستی پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل و پاڵپشتیکردنی پێکهاتە زیانلێکەوتووەکان، بە جۆرێک کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بتوانن بە سەلامەتی بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکانیان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی نزیک بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ پرسی ئاوارەبوون و باشترکردنی ژیانی ئاوارە و گەڕاوەکان لە هەرێمی کوردستان.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

گۆتێرێس: جیهان پێویستی بە فرەجەمسەرییە نەک هەژموونی تاکلایەنە

سەڵاح

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی باڵیۆزی بەریتانیا دەکات

سەڵاح

به‌وێنه‌… گوندی قوڕەگۆ لە دەشتی بیتوێن

سەڵاح