zagros news agency

لوبنان جەنەراڵێکی باڵای ڕژێمی پێشووی ئەسەد ڕادەستی سووریا دەکاتەوە

 

دەسەڵاتدارانی لوبنان ڕێکارەکانی ڕادەستکردنەوەی لیوای خانەنشینکراوی سووری، عادل عیسایان بە دیمەشق دەستپێکرد. ئەمە یەکەمین حاڵەتی ڕادەستکردنەوەی ئەفسەرێکی باڵای سوپای ڕژێمی پێشووی بەشار ئەسەدە لەلایەن لوبنانەوە بۆ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا.

ئاژانسی “ئەسۆوشیەتد پرێس” بڵاویکردەوە، ڕۆژی سێشەممە هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی لوبنان، عادل عیسایان لە شوێنی دەستبەسەرکردنی لە بەیروتەوە بەرەو یەکێک لە دەروازە سنوورییەکان گواستووەتەوە تا ڕادەستی لایەنی سووری بکرێت. ئەم بڕیارەی دادگای لوبنان دوای نزیکەی ١٠ ڕۆژ لە دەستگیرکردنی عیسا دێت، بە مەبەستی دادگاییکردنی لەسەر ئەو تاوانانەی لە کاتی شەڕی ناوخۆی سووریادا ئەنجامی داون.

ئەم هەنگاوە یاساییە لەسەر بنەمای ڕێککەوتننامەیەکی دادوەری نێوان لوبنان و سووریا کە لە ساڵی ١٩٥١ واژۆ کراوە، جێبەجێ دەکرێت، کە تایبەتە بە ئاڵوگۆڕ و ڕادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی بە تاوانی جۆراوجۆر داواکراون.

عادل عیسا لەلایەن دادگای لوبنانەوە سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە، کە پەیوەندییان بە سەردەمی خزمەتی سەربازییەوە هەیە لە پارێزگاکانی دێرەزوور و ڕەققە. هەرچەندە عیسا هەموو تۆمەتەکانی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو “تەنها ئەفسەرێکی سەربازی بووە و فەرمانەکانی جێبەجێ کردووە”.

عیسا پێشتر فەرماندەی فیرقەی ١٧ی سوپای سووریا بووە و لە ساڵی ٢٠١٥ کراوەتە فەرماندەی هێزە وشکانییەکان لە دێرەزوور، پێش ئەوەی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦دا خانەنشین بکرێت.

بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان، عیسا دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، بە شێوەیەکی نایاسایی چووەتە خاکی لوبنان. دەستگیرکردنەکەشی کاتێک بووە کە چووەتە ناو باڵیۆزخانەی سووریا لە بەیروت بۆ ڕاییکردنی مامەڵەیەکی کارگێڕی؛ لەوێ بەرپرسانی باڵیۆزخانەکە داواکاری گشتیی لوبنانیان ئاگادار کردووەتەوە کە ناوبراو لەلایەن دادگای سووریاوە داواکراوە.

سەرەتایەک بۆ ڕادەستکردنەوەی ٢٠٠ ئەفسەری دیکە
ئەم ڕادەستکردنەوەیە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە پەیوەندییەکانی نێوان بەیروت و دەسەڵاتە نوێیەکەی دیمەشق دەبینرێت. پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای کردبوو کە دەسەڵاتدارانی سووریا لیستێکیان پێشکەش بە لوبنان کردووە کە ناوی زیاتر لە ٢٠٠ ئەفسەری پێشووی ڕژێمی تێدایە و داوای زانیاری لەسەر شوێنی نیشتەجێبوون و ڕادەستکردنەوەیان کردووە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

هەولێر: پڕۆژەیەک بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و هاوکاریی گەڕاوەکان کۆتاییهات

دڵشاد

حووسییەکان: له‌ ره‌مه‌زان ئۆپه‌راسیۆنه‌كانمان زیاد ده‌كه‌ین، هێرشمان كرده‌ سه‌ر کەشتیه‌كی ئەمه‌ریکا

سەڵاح

ڕێکاری پێویست بە کەیسی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان گیرایە بەر

سەڵاح