zagros news agency

ئەکتەری بەرازیلی لۆرا کاردۆسۆ کۆچی دوایی کرد

ئەکتەری بەرازیل و یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی دراما، لۆرا کاردۆسۆ، لە تەمەنی 98 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

 

ئەم کۆچە دوای کاروانی هونەری درێژخایەنی هات کە زیاتر لە 80 ساڵی خایاند لە بوارەکانی تەلەڤزیۆن و شانۆ و سینەما و ڕادیۆ. خێزانی ئەم هونەرمەندە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام هەواڵەکەیان پشتڕاستکردەوە.

 

خێزانەکەی ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، لۆرا کاردۆسۆ بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لە شاری ساوپاولۆ لە ماڵەکەی خۆیدا کۆچی دوایی کرد. خێزانەکەی لە پەیامی هاوخەمیدا ڕایانگەیاند، ئەستێرە گەورەکەمان دڵەکانی جێهێشت بەڵام ناوەکەی بۆ تەنیا ئێستا لە دڵماندا زیندوو دەمێنێتەوە.

 

لۆرا کاردۆسۆ لە 1927 لەدایکبوو. دەستپێکی کارە هونەرییەکانی لە تەمەنی 15 ساڵیدا لە ڕێگەی کارە ڕادیۆییەکانەوە بوو. پاشان لە 1952 ڕووی لە تەلەڤزیۆن کرد و لە بەرنامەی بەناوبانگی دادگای دڵ دەرکەوت.

 

لە ماوەی کارکردنیدا بەشداری لە زیاتر لە 60 زنجیرەی تەلەڤزیۆنیدا کرد. لە 1981 پەیوەندی بە تۆڕی تی ڤی گلۆبۆ کرد. دواتر بەشداری لە دەیان کاری سەرکەوتوودا کرد لەوانە زنجیرەکانی ڕێگەی هیندستان و گابریێلا و شوکولاتە بە بیبەرەوە و ئیمپراتۆریەت و لایەکەی دیکەی بەهەشت.

 

دوایین دەرکەوتنی تەلەڤزیۆنی ئەم ئەکتەرە لە زنجیرەی “A Dona do Pedaço” بوو لە 2019. دوا بەرهەمی سینەماییشی فیلمی کورتی دۆنا ڕۆزینها بوو لە 2025 کە لەبارەی کێشەی پشتگوێخستنی کەسانی بەساڵاچوو قسەی دەکرد.

 

لۆرا کاردۆسۆ لە ماوەی ژیانیدا چەندین خەڵاتی وەرگرت لەوانە پێنج خەڵاتی کۆمەڵەی ڕەخنەگرانی هونەر لە ساوپاولۆ و خەڵاتی ئۆسکاریتۆ لە فێستیڤاڵی گرامادۆ. سەرۆکی بەرازیل لویس ئیناسیۆ لۆلا دا سێلڤا لە 2006 میدالیای شایستەیی فەرهەنگی بەخشییە ئەم ئەکتەرە.

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی فیلمی “Godzilla X Kong” لە سینەماکاندا

ART

کازم ساهیر دوو کۆنسێرتی گەورە لە ئەستەنبوڵ و ئەبوزەبی سازدەکات

ART

لە هەولێر شەش کورتە فیلم نمایشکران

ART