zagros news agency

وەزارەتی بەرگری: 30ی ئەیلوول دوا وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانە لە عێراق

 

وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، 30ی ئەیلوول وادەی کۆتایی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە بەپێی ئەو خشتە زەمەنییەی دیاری کراوە، هاوکات ئامادەییی تەواوی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتی بۆ پاراستنی سەروەری و بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی ڕاگەیاند.
لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاڕاستەکردنی مەعنەوی لە وەزارەتی بەرگری، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ڕایگەیاند. “30ی ئەیلوول وادەی کۆتایییە لە چوارچێوەی ئەو خشتە زەمەنییەی حکومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دایڕشتووە. ئەم بڕیارە لەخۆڕا نەبووە، بەڵکو ئەنجامی پلاندانانی پێشوەختە و کارکردنی بەردەوام بووە، هەروەک سەرۆک وەزیرانیش ئاماژەی پێ داوە، ئەم ڕۆژە دەبێتە ڕۆژێکی نیشتمانی، سەروەری و تایبەت بۆ سەرجەم عێراقییەکان.”

سەبارەت بە کاریگەریی کشانەوەکە، خەفاجی ڕوونی کردەوە، سوپای عێراق، وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و تەواوی هێزە ئەمنییەکان، کۆمەڵێک تاقیکردنەوە و ئاڵنگاریی گەورەیان بڕیوە کە توانای بەرزیان لە پاراستنی سنوورەکان و بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی سەلماندووە.

ئاماژەی بەوەش کرد هێزە ئەمنییەکان ئۆپراسیۆنی بەرفراوانیان بۆ ڕاوەدوونانی تیرۆر ئەنجام داوە و سیستەمێکی هەواڵگریی پێشکەوتوویان بنیات ناوە، جگە لە سەرکەوتنیان لە بەڕێوەبردنی بۆنە ملیۆنییەکان، جەژنە نیشتمانی و ئایینییەکان و کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان.
دەربارەی داهاتووی هاوکارییە سەربازییەکان، خەفاجی گوتی: “پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای تێکشکاندنی گرووپی داعش دامەزرا بوو، ئێستاش عێراق ئازادە لە هەڵبژاردنی ڕێگاکانی مەشق، پڕچەککردن و هاوکاری لەگەڵ هەر وڵاتێکی جیهان. هەروەها وڵاتە پێشکەوتووەکان کە هاوکاریی عێراقیان کردووە، لە پشتگیریی تواناسازی و پڕچەککردن بەردەوام دەبن.”

ئاماژەی بەوە کرد کە دامەزراوە ئەمنییەکان لەسەر بەرزترین پێوەرە جیهانییەکان مەشق بە هێزەکانیان دەکەن و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش گرنگیی تایبەت بە پڕچەککردنی سیستەمی ئەمنی دەدات، بەتایبەت هێزی ئاسمانی، فڕۆکەوانیی سوپا و بەرگریی ئاسمانی.

جەختیشی کردەوە، سوپا، وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، فەرماندەیییە ئەمنییەکان و دەستەی حەشدی شەعبی پێکەوە سیستەمێکی ئەمنی پێشکەوتوو پێکدەهێنن و توانای پاراستنی تەواوی خاکی وڵاتیان هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

خۆپێشاندانی بەرفراوان لە ئالبانیا دژی پڕۆژە‌ی بیناسازیی زاوای تڕەمپ

سەڵاح

لە تورکیا ٢٣٥ کۆچبەر دەستگیر کران

سەڵاح

دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت لە ئێران گەیشتە نزیک سفر

یاسین