zagros news agency

ئەنجومەنی وەزیران چەندین بڕیاری گرنگی لە بوارەکانی ئابووری و پەروەردە و پارێزگاکان دەرکرد

 

سەرۆکوەزیران عەلی فالح ئەلزەیدی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد و تێیدا ڕەسمی گومرگی بۆ ١٪ کەمکردەوە و باجی مۆلیدە ئەهلییەکانی دواخست. لە کۆبوونەوەکەدا بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان و ئاسایشی سایبەر جێگیرکرا و پڕۆژەیاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان ڕەوانەی پەرلەمان کرا. هەروەها بڕیاردرا دەرفەتێکی تاقیکردنەوەی خولی تایبەت بەو خوێندکارانەی پۆلی نۆ و دوازدە بدرێت کە لە چوار ماددە و کەمتر کەوتوون.

ئەمڕۆ دووشەممە (24ی ئابی 2026)، بە سەرۆکایەتی بەڕێز عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجومەنی وەزیران 16یەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گشتی وڵات تاوتوێ کرا و کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ لە بوارەکانی ئابووری، پەروەردە، یاسا و خزمەتگوزاری پەسەند کران.

پیرۆزبایی یادی مەولود
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری مەزن محەمەد (د.خ) پیرۆزبایی لە گەلی عێراق و جیهانی ئیسلامی کرد و جەختی لەسەر پەیڕەوکردنی بەهاکانی دادپەروەری، لێبوردەیی و ئاشتی کردەوە کە لە سیرەی پێغەمبەردا ڕەنگیان داوەتەوە.

کەرتی ئابووری و گومرگ
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەهێزکردنی داهاتی نانەوتی و پاڵپشتی پیشەسازی ناوخۆیی، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا:

  1. ڕێژەی ڕەسمی گومرگی لەسەر سەرجەم کەرەستە سەرەتاییەکان بۆ پیشەسازییە ناوخۆییەکان کەم بکرێتەوە بۆ (1%).
  2. کەمکردنەوەی ڕەسمی گومرگی بۆ (1%) لەسەر هێڵەکانی بەرهەمهێنان و پێداویستییەکانی کارگەکانی ژێر دامەزراندن یان پڕۆژە تەواوکراوەکانی پێویست بە فراوانکردن.
  3. دواخستنی وەرگرتنی باج لە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان تاوەکو (1ی تشرینی دووەمی 2026).

بودجەی پارێزگاکان و نەوت
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەرخانکردنی (2.5 تریلیۆن دینار) بۆ پڕۆژەکانی گەشەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان. سەبارەت بە بودجەی “پترۆدۆلار” کە بڕەکەی (2 تریلیۆن دینارە)، بڕیاردرا بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2023 مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و ئەو بڕە پارانەی خەرج نەکراون بۆ هەژماری “ئەمانات” بگوێزرێنەوە. هەروەها کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) لە بڕیاری کەمکردنەوەی خەرجییەکانی گەشت و ئیفاد بەدەرکرا.

ئاسایشی سایبەر و یاسا
بۆ بەهێزکردنی پاراستنی زانیارییەکان، ئەنجومەنی وەزیران بڕی (5.3 ملیار دینار)ی بۆ نوسینگەی سەرۆکوەزیران تەرخان کرد بە مەبەستی پشتگیریکردنی “ناوەندی نیشتمانیی ئاسایشی سایبەر”. هەروەها پڕۆژەیاسای “تاوانە نێودەوڵەتییەکان” پەسەندکرا و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا.

کەرتی کشتوکاڵ
بۆ پاراستنی دارخورما لە مێرووی “سوسەی سوور”، وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەندێک ڕێکاری گرێبەستە گشتییەکان بەدەرکرا، بۆ ئەوەی بتوانرێت بە زووترین کات دەرمانی پێویست هاوردە بکرێت و ڕێگری لە زیانەکان بگیرێت.

هەواڵێکی خۆش بۆ خوێندکاران
لە لایەنی پەروەردەییەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێکی مرۆیی بۆ خوێندکارانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی و دوازدەی ئامادەیی دەرکرد؛ بەپێی بڕیارەکە دەرفەتێکی تاقیکردنەوەی تایبەت (خولی سێیەم) دەدرێت بەو خوێندکارانەی لە (4) ماددە و کەمتر کەوتوون بۆ ساڵی خوێندنی (2025-2026)، وادەی تاقیکردنەوەکانیش دواتر لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دیاری دەکرێت.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران
24ی ئابی 2026

 

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سێناتۆری ئەمەریکی جاکی ڕۆزن كۆبووه‌وه‌

سەڵاح

دەست بە دابەشکردنی پارەی ئەم توێژە دەکرێت

یاسین

دیداری ترەمپ و سەرۆک کۆماری لوبنان؛ ئەمریکا بەڵێنی هاوکاری دەدات

یاسین