عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕێنمایی دا بە بەکارهێنانی “کارتی نیشتمانی” وەک بنەمای سەرەکی بۆ پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی بەهێزکردنی وردی و شەفافییەت و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان لە پەیڕەوکردنی مافی دەنگدانیاندا دێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران، ئەم بڕیارە لە میانی کۆبوونەوەیەکدا هات کە بە سەرۆکایەتی زەیدی و بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی ناوخۆ (بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامە و پاسپۆرت) و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ستایشی کارە پیشەییەکانی کۆمسیۆنی کرد لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی پێشوودا و داوای کرد بە هەمان گیانەوە ئامادەکاری پێشوەختە بۆ ئیستحقاقەکانی داهاتوو دەستپێبکەن.
زەیدی لە گوتەیەکدا جەختی لەسەر گرنگی دەنگی هاووڵاتیان کردەوە و ڕایگەیاند: «پاراستنی دەنگی هاووڵاتی بە مانای پاراستنی ئایندەیەتی، هەر کەسێکیش خاوەنی دەنگی خۆی بێت، خاوەنی ئایندەی خۆیەتی.» ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە هەموو ڕێکار و تەرخانکراوێکی پێویست دابین بکرێت تاوەکو هاووڵاتیان بەبێ گرفت بەشداری لە پرۆسەی دیموکراسیدا بکەن.
سەبارەت بە هەماهەنگیی دامەزراوەکان، سەرۆک وەزیران وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد کە تەواوی داتا و زانیارییەکانی کارتی نیشتمانی بخاتە بەردەست کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە هۆی ئاسانکاری زیاتر لە ڕێکارەکانی دەنگدان و بەرزکردنەوەی ئاستی متمانە بە داتاکان.

