zagros news agency

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنفال وەک تاوانێکی گەورەی نێودەوڵەتی بناسێت

 

دکتۆر دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ٣٨ـەمین ساڵیادی ئەنفالی بادینان، جەختی کردەوە کە ئەنفال تەنها کارەساتێکی مێژوویی نییە، بەڵکو بابەتێکی یاسایی و نێودەوڵەتییە کە پێویستە لە چوارچێوەی ڕێکەوتننامە و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیدا هەڵبسەنگێنرێت.

ئەو ڕایگەیاند کە ئەنفالی بادینان تەنها ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە پرۆسەیەکی پلان بۆ داڕێژراو کە تێیدا کوشتنی بەکۆمەڵی هاووڵاتیان، ڕاگواستنی زۆرەملێ، ونکردنی کەسان و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ڕوویداوە.

زێباری ئاماژەی بە ڕێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٨ سەبارەت بە ڕێگری و سزا دانی جینۆساید، ڕێکەوتننامەکانی جینێڤی ١٩٤٩ و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی کرد و جەختی کردەوە کە پێویستە ئەم تاوانانە لە چوارچێوەی ئەو بەڵگە و ڕێکەوتننامانەدا هەڵبسەنگێنرێن.

ئەو هەروەها جەختی کردەوە کە بەدۆکیۆمێنتکردنی ئەنفال و پاراستنی بەڵگەکانی ئەم تاوانە تەنها بەرپرسیارێتییەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش دەبێت بەردەوام بن لە ناساندن و پاراستنی یادەوەریی ئەم کارەساتە.

دکتۆر دیندار زێباری داوای کرد حکومەتی فیدڕاڵی عێراق بەرپرسیارێتییە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و قوربانیانی ئەنفال و کەسوکاریان قەرەبوو بکاتەوە. ئەو هەروەها بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پشتگیری لە پرۆسەکانی دادپەروەری، بەرپرسیارکردن و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان بکات.

لە کۆتاییدا، زێباری جەختی کردەوە کە پێویستە ئەنفال لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە شێوەیەکی دروست بناسرێت و لە یادەوەری نێودەوڵەتیدا بپارێزرێت، بۆ ئەوەی تاوانە گەورەکان لە داهاتوودا دووبارە نەبنەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە بەدۆکیۆمێنتکردنی ئەم تاوانانە و گەیاندنی دەنگی قوربانیانی ئەنفال بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار

مەسرور بارزانی: بۆ داهاتوو پێویستمان بە بڕیاڕی خەڵکی کوردستانە

سەڵاح

ژمارەی قوربانیانی ئەمساڵی دەریای نیوەڕاستی گەیشتە ١٤٠٠ کەس

سەڵاح

بەریتانیا سزای نوێی خستە سەر ئێران

سەڵاح