zagros news agency

هەولێر: سیستەمێکی نوێی جیهانی بۆ دیاریکردنی پێشوەختەی مەترسییەکانی لافاو دەخرێتە گەڕ

 

بە ئامانجی کەمکردنەوەی زیانەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی وەرزی بارانبارین، لە هەولێر پەرە بە سیستمێکی پێشکەوتووی جیهانی دەدرێت کە لە ڕێگەیەوە پێشوەختە ئەو ناوچانە دەستنیشان دەکرێن کە مەترسی لافاویان لەسەرە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢٧ـی ئابی ٢٠٢٦)، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سروە ڕەسول، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆ، خولێکی ڕاهێنان و فێرکاری لەسەر “سیستەمی نوێی دەستنیشانکردنی ناوچە مەترسیدارەکانی لافاو” بۆ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی دامەزراوەکانی پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو.

پڕۆژەکە کە بە هاوکاری وڵاتی فەرەنسا لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان کاری لەسەر کراوە، پشت بە پێشکەوتووترین تووڵەکانی سیستەمی زانیاریی جوگرافی (GIS) دەبەستێت. پارێزگاری هەولێر لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ شێوازی کارکردنی سیستمەکە کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە تیمەکانی پارێزگا ڕادەهێندرێن تاوەکو لە ڕێگەی ئەم ئامرازانەوە زیانەکان بۆ کەمترین ئاست دابەزێنن.

گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سیستمە نوێیەکە:

دیاریکردنی وردی شوێنە مەترسیدارەکان: پێش بارینی بارانی بەخوڕ، ئەو شوێنانە دەستنیشان دەکات کە مەترسی کۆبوونەوەی ئاویان لێیە.

هۆشداری پێشوەختە: پێدانی زانیاری پێویست بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بڕیاردانی خێرا و گونجاو پێش ڕوودانی کارەسات.

کەمکردنەوەی زیانەکان: بەرزکردنەوەی توانای تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان.

پارێزگای هەولێر وەک یەکەم وێستگە دەستنیشانکراوە بۆ جێبەجێکردنی سیستمەکە و دوای پێگەیاندنی تیمە شارەزاکان، پڕۆژەکە تەواوی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. ئەم هەنگاوەش بەشێکە لە ئامادەکارییەکانی حکومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و پاراستنی شارەکان لە مەترسی لافاو لە ئایندەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

بەرشەلۆنە کەوتە کێبڕکێیەک لە گەل ڕیاڵ بۆ بەدەستهێنانی ئەستێرەیەکی لیڤەرپوول

یاسین

عه‌بدولڕه‌حمان بێلاف به‌رزنجی: كاره‌كانم شایه‌تی ئه‌وه‌ن چیم كردووه‌

دڵشاد

بەردی بناغەی پڕۆژەى کردنەوەی شەقام و تێکەڵەرێژی لە کەرتی 48ـى بەحرکە دانرا

سەڵاح