zagros news agency

 لە دووەم ڕۆژی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر؛ ستراتیژ و پڕۆژە نوێیەکانی کەرتی ئاو و ئاوەڕۆ بە کۆمپانیاکان ناسێنران

 

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی دووەم ڕۆژی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ بیناسازی و وزە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ بەشداریکردنێکی کارای هەبوو و تێیدا نوێترین پەرەسەندن و پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئەم سێکتەرەی بۆ نوێنەرانی کەرتی تایبەت و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان خستە ڕوو.

ئەمڕۆ هەینی، ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٦، لە درێژەی کارەکانی پێشانگاکە لە سەکۆی G20، ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ، بە یاوەریی تیمێکی ئەندازیارانی پسپۆڕ، پێشوازییان لە ژمارەیەکی بەرچاو لە میوانان، نوێنەرانی کۆمپانیا نێوخۆیی و بیانییەکان و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارەکاندا، تیمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ بە وردی تیشکیان خستە سەر ئەو پڕۆژە ستراتیژی و خزمەتگوزارییانەی کە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون یان لە قۆناغی کارکردن دان. ئامانجی سەرەکی ئەم بەشدارییە بریتی بوو لە دروستکردنی هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ کەرتی تایبەت و سوودوەرگرتن لە شارەزایی کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئاو و ئاوەڕۆ.

ئامادەیی دامەزراوەکانی حکومەت لەم جۆرە پێشانگە نێودەوڵەتییانەدا، وەک دەرفەتێکی گرنگ دەبینرێت بۆ ئاشنابوون بە نوێترین تەکنەلۆژیاکانی جیهان لە بواری دابینکردنی ئاوی پاک و سیستمەکانی ئاوەڕۆ، کە دەرەنجامەکەی ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ بیناسازی و وزە، یەکێکە لە گەورەترین ڕووداوە ئابوورییەکانی ناوچەکە و ساڵانە بەسەدان کۆمپانیا تێیدا کۆدەبنەوە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و پێشاندانی نوێترین بەرهەم و تەکنەلۆژیاکانیان.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخى نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبونەوەى تۆمار کرد

سەڵاح

ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری/ وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە.

دڵشاد

پەرلەمانتارێک: کۆمسیۆن شوێنگرەوەی ئەو پەرلەمانتارانە دیاری دەکات کە لە “هەڵمەتی بەرەبەیاندا دەستگیرکراون

یاسین