zagros news agency

هەناردەکردنی کاڵاکانی بەڕازیل بۆ عێراق بە رێژەی 37% کەمبووەتەوە

 

داتاکانی وەزارەتی پەرەپێدان، پیشەسازی و بازرگانیی دەرەوەی بەڕازیل ئاشکرایانکرد، بەهای هەناردەکردنی کاڵاکانی ئەو وڵاتە بۆ عێراق لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بۆ 208 ملیۆن دۆلار دابەزیوە.
بەپێی ئەو داتایانەی لە وەزارەتەکەی بەرازیل بڵاوکراوەتەوە، هەناردەکراوەکانی بەڕازیل بۆ عێراق لە چارەکی دووەمدا کۆمەڵێک کاڵای جۆراوجۆری لەخۆگرتووە، شەکر و شیرینی بە بەهای 70 ملیۆن دۆلار لە پێشەنگی ئەو کاڵایانە بوون، کە گەورەترین بەشی کۆی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتیان لەو ماوەیەدا پێکهێناوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئاژەڵە زیندووەکان بە بەهای 58 ملیۆن دۆلار لە پلەی دووەم و گۆشت و پاشماوەی گۆشتی گونجاو بۆ خواردن بە بەهای 38 ملیۆن دۆلار لە پلەی سێیەمدا بوون. ئەم ئامارانە نیشاندەری ئەوەن بەرهەمە خۆراکی و کشتوکاڵییەکانی بەڕازیل پێگەی خۆیان لە بازاڕی عێراقدا پاراستووە.
هەروەها هەناردەکراوەکان تووتن، جێگرەوە دەستکردەکانی و بەرهەمە نیکۆتیندارەکانی بە بەهای 1.4 ملیۆن دۆلار لەخۆگرتووە. هاوکات رۆنە بۆنخۆشەکان، رەزینەکان، کەرەستەکانی عەتر، جوانکاری و چاودێریی کەسی بە بەهای 611 هەزار دۆلار هەناردە کراون.
وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، لیستی هەناردەکراوەکانی بەڕازیل بۆ عێراق ئامێر و کەلوپەلە بینایی و پزیشکییەکان و ئامێرەکانی پێوانە و پشکنینی بە بەهای 380 هەزار دۆلار لەخۆگرتووە. لە پاڵ ئەمانەشدا، ئامادەکراوەکانی گۆشت، ماسی و قەستەوەر و توێکڵدارەکان بە بەهای 378 هەزار دۆلار هەناردەی عێراق کراون.
بەرهەمە دەرمانسازییەکان بە بەهای 281 هەزار دۆلار هەناردە کراون. لەلایەکی دیکەوە، بەهای هەناردەکردنی ئامێر و کەرەستە میکانیکییەکان و پارچەکانیشیان لە چارەکی دووەمی ساڵدا گەیشتووەتە نزیکەی 248 هەزار دۆلار.
داتاکان روونیدەکەنەوە بازرگانیی نێوان بەڕازیل و عێراق لە چارەکی دووەمدا سەرەکیترین چڕبوونەوەی لە بەرهەمە خۆراکی و کشتوکاڵییەکاندا بووە. ئەمەش بەتایبەت لە شەکر، شیرینی، ئاژەڵە زیندووەکان و گۆشتدا بەرجەستە بووە، لە پاڵ کۆمەڵێک بەرهەمی پیشەسازی و بەکاربەردا.

هەواڵی پەیوەندیدار

کۆمیسیۆن رێسایەکی تایبەت بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن دەردەکات

یاسین

40 کۆچبەر لە لیبیاوە بۆ هەولێر دەگەڕێندرێنەوه

یاسین

نێچیرڤان بارزانی : پێشوازی لە بڕیاری دادگا دەکەم بۆ سزادانی عەجاج

گوران