zagros news agency

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی 7 هۆکاری نوێی مەترسی بۆ نەخۆشی بیرچوونەوە زیاد دەکات

 

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە نوێترین راپۆرتیدا، 7 هۆکاری مەترسیداری بۆ پێرستی پێشووی خۆی زیادکردووە کە تایبەتە بە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی تێکچوونی توانای ناسین و نەخۆشیی بیرچوونەوە. پێشتر ئەم پێرستە 12 هۆکاری لەخۆ گرتبوو.
پێرستی پێشووی ڕێکخراوەکە بریتی بوو لە: چالاکیی مێشک، چالاکیی کۆمەڵایەتی، کەمیی چالاکیی جەستەیی، زێدەڕۆیی لە خواردنەوەی کحوول، جگەرەکێشان، سیستەمی خۆراکی ناتەندروست، قەڵەوی، شەکرە، بەرزیی پەستانی خوێن، تێکچوونی چەورییەکان، لەدەستدانی بیستن و خەمۆکی.
ڕێکخراوەکە لەسەر بنەمای نوێترین بەڵگە زانستییەکان، ئەم 7 هۆکارە نوێیەی خستووەتە سەر پێرستەکە:
یەکەم، سەکتەی مێشک، چونکە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن کاریگەرییان لەسەر تەندروستیی مێشک هەیە و پەیوەندییان بە بەرزبوونی مەترسیی تووشبوون بە بیرچوونەوە هەیە.
دووەم، برینداربوونی مێشک، بەتایبەت برینەکانی سەر کە دەبنە هۆی کێشە لە میزاج، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.
سێیەم، لاوازیی بینین، چونکە بەشێکی زۆری مێشک بۆ بینین تەرخان کراوە و لاوازیی بینین گوشارێکی زیادە دەخاتە سەر مێشک، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی توانای ناسین.
چوارەم، تێکچوونەکانی خەو، چونکە خەو یارمەتیی پرۆسەکانی پاککردنەوەی مێشک لە پاشماوەکان دەدات. بەتایبەت تێکچوونەکانی وەک پچڕانی هەناسە لە کاتی خەودا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە مێشکدا کە هاوشێوەی نیشانەکانی نەخۆشیی ئەلزەهایمەرە.
پێنجەم، ڤایرۆسی نەخۆشیی کەمیی بەرگریی مرۆڤ (HIV)، چونکە ئەگەر ئەو ڤایرۆسە چارەسەر نەکرێت کاریگەری لەسەر کۆئەندامی دەماری ناوەندی دەبێت و بە لاوازیی توانای ناسینەوە پەیوەستە.
شەشەم، پیسبوونی هەوا، رێکخراوەکە داوای کەمکردنەوەی بەرکەوتنی پیسبوونی هەوای ناوەوە و دەرەوەی ماڵ دەکات، بەتایبەت وردیلەکان؛ چونکە توێژینەوەکان بەرکەوتنی درێژخایەنی پیسبوونی هەوایان بە بەرزبوونی مەترسیی تێکچوونی توانای ناسین و بیرچوونەوە بەستووەتەوە.
حەوتەم، چارەسەری هۆرمۆنی بۆ تەمەنی بێهیوایی (MHT)، رێکخراوەکە پێشنیار ناکات ئەو چارەسەرە بۆ رێگری لە بیرچوونەوە لە ژنانی سەرووی 65 ساڵ بەکاربهێنرێت و روونیکردەوە، بەڵگەی پێویست نییە بۆ دیاریکردنی کاریگەرییەکەی لەسەر مەترسیی تووشبوون بە بیرچوونەوە لە ژنانی تەمەن بچووکتردا.

هەواڵی پەیوەندیدار

توێژینەوەیەكی زانستی ئەم دواییە چەند سوودێكی دیكەی زەیتی زەیتون ئاشكرا دەكات

lana

ماڵپەڕی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس نوێدەكرێتەوە و بە ڤێرژنێكی پێشكەوتوو وەشانی دەست پێدەكات 5

hakar herki

لە سلێمانی هەڵمەتێک بۆ پشکنینی ددانی منداڵانی ئۆتیزم راگەیێندرا

lana