ئەمڕۆ دووشەممە، 2026/9/8، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی خوالێخۆشبوو (عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی)، شاندێکی باڵای سیاسی و حکوومیی عێراق گەیشتنە شاری هەولێر و لەلایەن بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.
شاندە میوانەکە پێکهاتبوون لە: محسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی ئەساسی عێراقی؛ فەرهاد ئەتروشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق؛ مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق؛ لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و ڕاوێژکارانی نووسینگەی سەرۆکوەزیران و وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق.
لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بارەگای بارزانییەوە، هەر یەکە لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن؛ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و عەرەفات کەرەم، نوێنەری بارەگای بارزانی، پێشوازییەکی فەرمییان لە شاندەکە کرد.
ئەم سەردانەی شاندە باڵاکەی بەغدا لە چوارچێوەی دەربڕینی هاوخەمی و بەشداریکردنە لە پرسەی خوالێخۆشبوو (عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی) کە کەسایەتییەکی دیاری ناوچەکەیە.

