لە ئەنجامی رووداوێکی دڵتەزێنی توندوتیژی خێزانی لە قەزای خورماتوو، مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ لەژێر لێدان و ئەشکەنجەی توندی باوک و خاڵیدا گیانی لەدەستدا. رووداوەکە شەتای شەوی رابردوو لە گەڕەکی کۆماری روویداوە و هۆکارەکەشی بۆ دۆڕاندنی بڕێکی زۆر پارە لەلایەن مێردمنداڵەکەوە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی تیکتۆکەوە دەگەڕێتەوە.
دکتۆر هارون رەشید، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو سەبارەت بە رووداوەکە رایگەیاند: “مێردمنداڵەکە شوێنەواری ئەشکەنجە و لێدانی زۆر توند بە جەستەیەوە دیار بووە. بەهۆی ئەوەی درەنگیش گەیاندراوەتە نەخۆشخانە، بەر لە گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە لە رێگەدا گیانی لەدەستدابوو.”
لەلایەکی دیکەوە، عەمید بەدر خەڵەف، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو ئاشکرای کرد کە دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانراوە باوکی مێردمنداڵەکە کە تەمەنی 49 ساڵە، لەگەڵ خاڵیدا دەستگیر بكرێن. لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، هەردوو تۆمەتبار دانیان بەوەدا ناوە کە بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەدانەوە کوڕەکە گیانی لەدەستداوە، و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، مێردمنداڵەکە لەلایەن چەند کەسێکەوە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک و بەکارهێنانی لینکی یارییەکەوە هەڵخەڵەتێنراوە، بەو هۆیەوە سەرجەم سەرمایەی خێزانەکەی کە بڕی “7 دەفتەر دۆلار” (70 هەزار دۆلار) بووە و لە هەژماری بانکییاندا بووە، دۆڕاندووە.

