ئەمڕۆ سێشەممە، ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ گەیشتە شاری بەغدا. شاندەکە کە لە وەزیرانی دارایی و ئابووری، سامانە سروشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و بریکاری وەزارەتی پلاندانان پێکهاتووە، بڕیارە سەرەتا لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدراڵ و دواتریش لەگەڵ وەزارەتەکانی پلاندانان و نەوت کۆببنەوە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە بریتییە لە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٧، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە پشک و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێم لە ناو یاساکەدا جێگیر بکرێن. لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا، شاندی هەرێم تێڕوانین و داواکارییەکانی خۆیان سەبارەت بە تەرخانکراوی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و میلاکی وەزیفی، تەرخانکراوی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان، بودجەی بەکاربردن و دۆسیەی نەوت بە وردی دەخەنەڕوو.
ئەم جووڵە دیپلۆماسی و داراییەی حکومەتی هەرێم بە مەبەستی گەیشتنە بە تێگەیشتن و ڕێککەوتنێکی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، بۆ ئەوەی تەواوی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا بە شێوەیەکی یاسایی و مسۆگەر جێگیر بکرێن.
پێشتریش زاگرۆس زانیاری لهسهر چوونی شاندی ههرێم بۆ بهغدا و گرێبهستهكان و بهنزینی 450 خستهڕوو.

