zagros news agency

لە هەولێر پلانی ستراتیژیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ بۆ ساڵانی 2025-2029 ڕاگەیەندرا

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی ئەیلوولی 2026، لە مەراسیمێکدا لە شاری هەولێر، پلانی ستراتیژیی کارکردنی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) لە عێراق بۆ ساڵانی 2025-2029 بە فەرمی ڕاگەیەندرا.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، سروە ڕەسوڵ بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی قەیرانەکان، بەرپرسانی باڵای ڕێکخراوی IOM و ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ و ڕۆشنبیران بەڕێوەچوو.
ئەم پلانە ستراتیژییە لە چوارچێوەی هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان جێبەجێ دەکرێت؛ ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، بەهێزکردنی بەڕێوەبردنی پرسی کۆچ، پاراستنی مافەکان و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی کۆچ و ئاوارەیییە لە عێراق.
لە ناوەڕۆکی ستراتیژییەکەدا تیشک خستراوەتە سەر چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەی هۆکارەکانی ئاوارەیی، پشتگیریکردنی پرۆسەی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارەکان، هاوکاریکردنی کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان و بەهێزکردنی توانای دامەزراوە پەیوەندیدارەکان.
هاوکات، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ جەختی لە فەراهەمکردنی دەرفەتی ژیان و گەشەپێدانی بەردەوام لە ڕێگەی پڕۆژە و بەرنامەی جۆراوجۆرەوە کردەوە، ئەوەش لە ڕێگەی بەهێزکردنی زیاتری ئاستی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵ، نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار

‎ترامپ: لەگەڵ چین ڕێککەوتنی بازرگانی گرنگمان ئەنجامدا

گوران

نێچیرڤان بارزانی و بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا کۆبوونەوە

یاسین

زۆنگاوە مێژووییەکانی عێراق دوای ساڵانێک لە وشکەساڵی، لەگەڵ گەڕانەوەی ئاو دەبوژێنەوە

سەڵاح