حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ بنبڕکردنی بازرگانیی نایاسایی بە دراو ڕاگەیاند و فەرمانی کرد دەستبەجێ سەرجەم کۆمپانیا و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنی (فۆڕێکس) دابخرێن و مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکانیش بە تەواوەتی قەدەغە بکرێت.
بەپێی گشتاندنێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، کە لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی ناوخۆ ڕاسپێردراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، ڕێکاری دەستبەجێ بگرێتەبەر بۆ داخستنی هەموو ئەو ناوەند و شوێنانەی بەبێ مۆڵەت و لە دەرەوەی ڕێنماییەکان لە بواری فۆڕێکسدا کار دەکەن.
هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە بڕیارەکە ئەو کۆمپانیا و گرووپانەش دەگرێتەوە کە لەژێر ناوی جیاواز، فێڵ و ناونیشانی بازرگانیی دیکەدا هەمان چالاکیی نایاسایی بەڕێوە دەبەن، تاوەکو ڕێگری لە هەر هەوڵێکی خۆدزینەوە لە یاسا بکرێت.
ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای ڕێنماییە فەرمییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دراوە، کە تێیدا هەر جۆرە مامەڵەیەک بە دراوی دیجیتاڵی و پلاتفۆڕمەکانی فۆڕێکس بە نایاسایی دانراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی دارایی هاووڵاتییان، ڕێگریکردن لە بەفیڕۆچوونی سەرمایە و بەرگرتنە لەو فێڵ و زیانە داراییانەی بەهۆی مامەڵە نادڵنیاکانی ئەم بوارەوە ڕووبەڕووی هاووڵاتییان دەبنەوە.

