توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی ئاشکرای دەکات، سەرکەوتن بەسەر پەیژەدا (قادرمە) بە شێوەیەکی رێکخراو، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و مردنی پێشوەختە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە، ئەمەش وەک چالاکییەکی جەستەیی ئاسان دادەنرێت کە دەکرێت بخرێتە ناو رۆتینی رۆژانەی ژیانەوە.
توێژەران لە زانکۆی “ئیست ئەنگلیا” و نەخۆشخانەی زانکۆیی “نۆرفۆڵک و نۆرویچ” لە بەریتانیا، شیکارییان بۆ داتای 9 توێژینەوەی پێشوو کردووە کە 480,479 کەسی لەخۆگرتبوو، بە تەمەنی نێوان 35 بۆ 84 ساڵ، هەروەها ماوەی چاودێریکردنی بەشداربووان بە تێکڕا نزیکەی 14 ساڵ بووە.
کەمبوونەوەی بەرچاوی مەترسیی مردن
ئەنجامەکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی بە بەردەوامی بە پەیژەدا سەردەکەون، ئەگەری مردنیان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێنەوە بە رێژەی 39% کەمتر بووە بەراورد بەوانەی کەمتر ئەو کارە دەکەن. هەروەها سەرکەوتن بە پەیژەدا بە گشتی مەترسیی مردن بە هەر هۆکارێک بە رێژەی 24% کەمدەکاتەوە، جگە لەوەی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک و پەککەوتنی دڵیش بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێنێت.
سۆفی پادۆک، پزیشکی نەخۆشییەکانی دڵ و بەشدار لە توێژینەوەکەدا، رایگەیاند کە شیکارییەکان پەیوەندییەکی بەهێزیان لە نێوان سەرکەوتن بە پەیژە و کەمبوونەوەی مەترسییەکانی مردن سەلماندووە. هەرچەندە توێژینەوەکە ژمارەیەکی دیاریکراوی بۆ پلەکانی پەیژە دەستنیشان نەکردووە، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کە سەرکەوتن بەسەر تا 6 نهۆم یان 60 پلە لە رۆژێکدا سوودەکانی چڕتر دەکاتەوە.
بۆچی سەرکەوتن بە پەیژەدا سوودبەخشە؟
سەرکەوتن بەسەر پەیژەدا پێویستی بە ماندووبوونی جەستەیی زیاترە بەراورد بە رۆیشتن لەسەر روویەکی تەخت، چونکە ماسوولکەکانی قاچ هەوڵی بەرزکردنەوەی تەواوی کێشی جەستە دەدەن؛ ئەمەش لێدانی دڵ خێراتر دەکات و وزەیەکی زیاتر دەسووتێنێت، هاوکات چەندین ماسوولکە لە پرۆسەی راگرتنی هاوسەنگیی جەستەدا بەشدار دەبن.
پەیوەندییەکە هۆکاریی نییە
سەرەڕای ئەم دەرەنجامە گرنگانە، توێژەران روونیانکردووەتەوە کە ئەم توێژینەوەیە پەیوەندییەکی ئاماری دەسەلمێنێت نەک ئەوەی پەیژە بە تەنیا هۆکاری راستەوخۆی درێژبوونی تەمەن بێت، چونکە هۆکاری تەندروستیی دیکەش رۆڵ دەبینن. بۆیە سەرکەوتن بە پەیژەدا ناکرێتە جێگرەوەی تەواوەتی بۆ وەرزشی رێکخراو، بەڵام رێگەیەکی زۆر پراکتیکی و بێبەرامبەرە بۆ زیادکردنی جووڵە و پاراستنی تەندروستیی دڵ.

