zagros news agency

پارێزگاری هەولێر: لە سایەی کابینەی نۆیەمدا هەولێر لە لیستی شارە پیسبووەکانی جیهان دەرهێنرا

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، رایگەیاند کە لە سایەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا شۆڕشێکی گەورە لە بواری ژینگەپارێزیدا ئەنجامدراوە، بەو هۆیەوە لە ساڵی 2024دا هەولێر لە لیستی شارە پیسبووەکانی جیهان دەرهێنراوە.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، پرسی ژینگە لە کارە لەپێشینەکانی خودی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە و بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک هەنگاوی بنەڕەتی و ستراتیژی نراون بۆ کەمکردنەوەی سەرچاوەکانی پیسبوونی شارەکە، لەوانە: داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان، گونجاندنی پاڵاوگە یاساییەکان لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەوا پیس دەکەن.

ئومێد خۆشناو باسی لەوەش کرد، جێبەجێکردنی “پڕۆژەی ڕووناکی” و کەمکردنەوەی بەرچاوی دووکەڵی مۆلیدە ئەهلییەکان لەگەڵ پابەندکردنی شوێنە بازرگانییەکان بە مەرجە ژینگەییەکان، رۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەبووە لە پاراستنی پاکیی هەوای شارەکە. راشیگەیاند: “لە کاتێکدا لە ساڵی 2023 بەپێی راپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان هەولێر هاوشانی بەغدا وەک شارێکی پیس پۆلێن کرابوو، بەڵام لە ساڵانی 2024 و 2025 ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان ناوی هەولێریان لە ریزی شارە پیسبووەکان سڕییەوە.”

دەستکەوت و ئامارە ژینگەییەکان بەپێی داتاکانی حکوومەت:

  • بەرزبوونەوەی رێژەی سەوزایی: بەهۆی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی چەندان پارک، رێژەی سەوزایی لە هەولێر لە 15%ـەوە بۆ 20% بەرزبووەتەوە.

  • پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی: پڕۆژەیەکی بازنەییە بە پانیی 2 کیلۆمەتر بە چواردەوری هەولێردا؛ لە هەشت قۆناغ پێکدێت و ئێستا قۆناغی سێیەمی لە جێبەجێکردندایە، تێیدا 7.7 ملیۆن نەمامی زەیتوون و فستق دەچێندرێت و 10 پۆندی ئاو بۆ ئاودێری دروست دەکرێت.

  • کەمکردنەوەی دووکەڵ: زیاتر لە 6 هەزار مۆلیدەی کارەبا کوژێنراونەتەوە.

  • چاودێری و پاراستن: دامەزراندنی 4 وێستگەی هەڵسەنگاندنی کوالێتیی هەوا، لەگەڵ دروستکردنی 34 ملیۆن مەتر دووجا ئاگربڕ بۆ پاراستنی دارستانەکان.

لە کۆتاییدا، پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵەکانیان بۆ ژینگەپارێزی کاتی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی هەمیشەیی و بەردەوام دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ هاووڵاتییان.

هەواڵی پەیوەندیدار

بەرپرسێکی ئێران : ئەگەر ژێرخانەکانمان بە ئامانج بگیرێت شەڕ دەگاتە ئەوروپا

گوران

ڕاگەیەندراوێك لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە

دڵشاد

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبونەوەی تۆمارکرد

سەڵاح