بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی هەولێر هۆشدارییەکی توند ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی گەیاندنی خێرا (دیلیڤەری) دەکات، سەبارەت بە دیاردەی بەکارهێنانی ڕێڕەوی نایاسایی لەلایەن ماتۆڕسوارەکانیانەوە، و ڕایدەگەیەنێت لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو سەرپێچییانە، ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.
شارەوانی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەشێک لە شۆفێرانی ماتۆڕسکیلی گەیاندنی خواردن، لە پێناو پەلەکردن و بەزاندنی کات، کێربستۆنی دوورگە ناوەندییەکانی شەقامەکان دەشکێنن و ڕێڕەوی نایاسایی بۆ خۆیان دروست دەکەن.
ڕاگەیەندراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم ڕەفتارە، جیا لەوەی سەرپێچییەکی ئاشکرای یاسای هاتوچۆیە و مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان دروست دەکات، هاوکات دەبێتە هۆی تێکدانی سیمای شار و وێرانکردنی شۆستە و سەوزاییە گشتییەکان کە بە سامانی گشتی دروستکراون.
شارەوانی هەولێر سێ بڕیار و هۆشداری ئاراستەی کۆمپانیاکانی دیلیڤەری کردووە:
-
بە زووترین کات سەرجەم ماتۆڕسوارەکانیان ئاگادار بکەنەوە کە تەنها پابەندی ڕێڕەوە فەرمییەکانی شەقامەکان بن.
-
لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەی سەرپێچیدا، دەستبەجێ دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکاندا دەگیرێت.
-
ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر خودی کۆمپانیاکانیش دەگیرێتەبەر و دۆسیەکانیان ڕەوانەی دادگا دەکرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، شارەوانی هەولێر داوای لە هاووڵاتییان کردووە هاوکار بن و لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەکی لەو شێوەیەدا، وێنەی سەرپێچیکاران تۆمار بکەن و بۆ لایەنی پەیوەندیداری بنێرن، تا ڕێکاری پێویستی یاسایی بەرامبەریان پەیڕەو بکرێت.

