بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستگیرکردنی تیرۆریستێک بە نازناوی “ئەبو ساهیر”ی ڕاگەیاند، کە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سنووری پارێزگای کەرکووک.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە ئۆپەراسیۆنێکی پێشوەختە و ورددا، هێزەکانیان توانیویانە داواکراوێک بەپێی ماددەی (٤/١)ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستگیر بکەن، کە بە “ئەبو ساهیر” ناسراوە و لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە وەک “ئامانجێکی زۆر گرنگ” پۆلێن کرابوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئۆپەراسیۆنەکە دوای بەدواداچوونێکی چڕی هەواڵگری هاتووە کە تێیدا پەناگە و شوێنی خۆحەشاردانی ئەو داواکراوە لە ناحیەی “یایچی” لە پارێزگای کەرکووک دەستنیشان کرا، دواتریش هەڵکوتانە سەر شوێنەکە بە هەماهەنگی لە نێوان بەشی هەواڵگریی فیرقەی هەشت و کەرتی هەواڵگریی یایچی ئەنجام درا.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، زانیارییەکان دەریدەخەن کە ناوبراو پێشتر چەندین پۆستی لەناو داعشدا هەبووە؛ لەوانە لە “فیرقەی یەرمووک” لە سنووری سەقڵاوییە لە پارێزگای ئەنبار کاری کردووە، هەروەها لە سەردەمی دەسەڵاتی داعش لە بەشێک لە ناوچەکانی ئەنبار، پۆستی لەوەی پێی دەگوترا “دیوانی خزمەتگوزارییەکان” وەرگرتووە.
لە کۆتاییدا هاتووە کە سەرجەم ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بەرامبەر تۆمەتبارەکە گیراونەتەبەر، بە مەبەستی ڕەوانەکردنی بۆ دادگا بەپێی یاسا کارپێکراوەکان.

