zagros news agency

توێژینەوەیەک: مەترسییەکانی پلاستیک رێگر نییە لە کڕینی ئاوی بوتڵکراو

 

توێژینەوەیەکی نێودەوڵەتی ئاشکرایکردووە، بەکارهێنەران سەرەڕای ئاگادارییان لەبارەی بوونی گەردیلەی ورد و نانۆپلاستیک لەناو بوتڵە ئاوییە یەکجار بەکارهاتووەکاندا، هەر بەردەوامن لە کڕینی ئەو بەرهەمانە. ئەم رەفتارە بەهۆی چەند هۆکارێکی وەک ئاسوودەیی، متمانە بە کوالێتی ئاوەکە و کاریگەریی ریکلامەکانەوەیە.

توێژەرانی زانکۆی کۆنکۆردیا پشتیان بە وەڵامی زیاتر لە 15 هەزار کەس لە 81 وڵات بەستووە. توێژینەوەکە لە گۆڤاری Journal of Cleaner Production بڵاوکراوەتەوە و ئامانج لێی تێگەیشتنە لەو هۆکارانەی بەکارهێنەران هان دەدات بەردەوام بن لە کڕینی ئاوی بوتڵکراو.

ئەنجامەکان دەریانخستووە، 75%ـی بەشداربووان پێیان وایە بوتڵە ئاوییە یەکجار بەکارهاتووەکان گەردیلەی نانۆ و وردی پلاستیکیان تێدایە. هاوکات 70%ـی بەشداربووان باوەڕیان وایە پەیوەندییەک لەنێوان ئەو گەردیلانە و تووشبوون بە شێرپەنجە هەیە.

سەرەڕای ئەمەش، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە ئەو نیگەرانییە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر رەفتاری کڕین نییە.

سارا ساجدی، سەرۆکی توێژینەوەکە گوتی: “هۆشیاریی لەبارەی مەترسییە تەندروستییەکانی پەیوەست بە پلاستیک بە تەنیا بۆ گۆڕینی خووەکان بەس نییە”. ئەو روونیکردەوە، هۆکاری دیکە کاریگەرییان لەسەر بڕیاری بەکارهێنەر هەیە، دیارترینیان ئاسانیی دەستکەوتنی ئاوی بوتڵکراو و باوەڕبوونە بەوەی لە رووی میکرۆبییەوە سەلامەتترە.

توێژەران پەیوەندییەکیان لەنێوان بەرکەوتن بە ریکلامی ئاوی بوتڵکراو و زیادبوونی بەکاربردندا دۆزیوەتەوە. شیکارییەکە دەریدەخات ریکلامەکان نزیکەی 6%ـی جیاوازیی رەفتاری کڕین لەنێوان بەشداربوواندا روون دەکەنەوە.

توێژینەوەکە جیاوازیی پەیوەست بە تەمەن و ئاستی خوێندەواریشی خستووەتە روو. گەنجان و ئەوانەی ئاستی خوێندەوارییان بەرزترە، زیاتر بوتڵە یەکجار بەکارهاتووەکانیان بەکارهێناوە، هەرچەندە ئارەزووی زیاتریان بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی پلاستیکەکان هەبووە.

لە بەرامبەردا، بە تەمەنترەکان زیاتر ئەو بوتڵە گواستراوانەیان بەکارهێناوە کە دەکرێت دووبارە پڕ بکرێنەوە.

ئەم ئەنجامانە لە سایەی بەکاربردنی زۆری جیهانیی بوتڵە پلاستیکییەکان گرینگییان هەیە، چونکە فرۆشی بوتڵی ئاو لە خولەکێکدا ملیۆنێک بوتڵ تێدەپەڕێت، ئەمەش ساڵانە زیاتر لە 500 ملیار بوتڵ دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

داواکاری گشتیی ئێران: بڵاوکردنەوەی دەنگۆ دەربارەی کوژران ئیسماعیل هه‌نیە سزای لەسەرە

سەڵاح

عێراق ساڵانە بە بەهای 67 ملیار دۆلار کاڵا هاوردە دەکات

سەڵاح

حزبوڵای لوبنان بەرپرسیارێتیی تەواوی هێرشەكەی سەر ماڵی ناتانیاهۆی لەئەستۆ گرت

یاسین