ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ـی ٩ـی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی دکتۆر سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەکادیمیستان، نووسەران و ڕووناکبیران، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پڕۆژەیەکی زانستیی مێژوویی بە ناوی (پڕۆژەی شانازیی مێژوو) ڕاگەیاند.
لە وتوێژێکی فراواندا، هێڵە گشتییەکانی پڕۆژەکە خرانە ڕوو، کە ئامانج لێی نووسینەوەی سەرجەم ئەو لایەنانەی مێژووییانەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە کە تاوەکو ئێستا وەک پێویست ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە.
پڕۆژەکە چاپکردنی (١١) کتێبی زانستی و مێژوویی بۆ ساڵی داهاتوو لەخۆ دەگرێت، کە دابەش دەبن بەسەر (٥) تەوەری سەرەکیدا؛ لەوانەش:
یەکەم: روانگە و رێبەرایەتی، وێستگەکانی دانووستان:
* بارزانیی نەمر و شۆڕشی ئەیلوول
* شۆڕشی ئەیلوول لە روانگەی سەرۆک مەسعود بارزانی – یەوە.
* دانووستانی سیاسی لە شۆڕشی ئەیلوولدا.
دووەم: راگەیاندن و رۆژنامەگەری، وێنە و یادەوەرییەکان:
* راگەیاندن و شۆڕش؛ شۆڕشی ئەیلوول بە نموونە.
* شۆڕشی ئەیلوول لە میدیا و رۆژنامەگەریی دنیادا.
* شۆڕشی ئەیلوول، وێنە و یادەوەری.
سێیەم: شۆڕشی ئەیلوول، دیدگای رۆشنبیری و ئەدەبی:
* شۆڕشی ئەیلوول لە شیعری کوردیدا
* شۆڕشی ئەیلوول لە روانگەی رووناکبیرانەوە.
چوارەم: پێشمەرگە، ژیان، رەهەند و رۆڵ
پێنجەم: رێککەوتنامەی جەزائیر و نسکۆ:
* نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول،خوێندنەوەیەکی نوێ.
* رێککەوتنامەی جەزائیر، پرس و شرۆڤە.
لەم دیدارەدا، گفتوگۆ و وتوێژ لە نێوان ڕێکخەرانی پڕۆژەکە، لیژنەی زانستی و ئەکادیمیستان و بەشداربوواندا بەڕێوەچوو. لەو ئاڵوگۆڕی بیروڕایانەدا، جەخت لەسەر هەنگاوە کردارییەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، میتۆدی کاری زانستی و، چۆنیەتیی هەڵسەنگاندن و ئامادەکردنی بابەتەکان کرایەوە تاوەکو بە بەرزترین ئاستی ڕاستگۆیی مێژوویی و زانستی بنووسرێنەوە.
ئەم پڕۆژەیە درەگای واڵا دەکات لەبەرامبەر هەموو نووسەر، توێژەر و ئەکادیمیستێک لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان تاوەکو بەرهەمەکانیان پێشکەش بە لیژنەی تایبەتمەندی هەڵسەنگاندن بکەن، بە مەبەستی ڕێکخستنیان لە چوارچێوەی یەک پڕۆژەی جێگیردا کە بۆ ساڵی داهاتوو بە چاپ بگەیەنرێت.

